کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی سیاسی لە پێوندی لەگەڵ دۆخی ئێران و کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:41 - 24 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندان، هەیئەتێکی پێوەندییەکان و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان، بە سەرپەرستیی سوڵتان گوڵاوی، ئەندامی کۆمیتە و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە ئاڵمان، لەسەر بانگهێشتی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە، لە کۆڕێکی سیاسی لەژێر ناوی "لە ئێران چ ڕوو دەدات" بەشداریی کرد.

حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ٥٧ و ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی هەنووکەیی ئێران و شۆڕشی ژینا، کۆڕێکی تایبەتی لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بە بەشداریی چەند پارلمانتارێکی ئاڵمانی و کۆمەڵێک کەسایەتیی ئاڵمانی، ئێرانی و کورد پێک هێنابوو.

ئەو کۆڕە لە دوو پانێلی سەرەکی پێک هاتبوو و لە پانلی یەکەمدا بە گشتی باسێک لەسەر دۆخی ئێستای ئێران و ڕەوتی خۆپیشاندانەکان کرا و دواتر سەنا عەبدی، ئەندامی پارلمانی فیدراڵی ئاڵمان، باسێکی لەسەر سەرکوتی خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئێران و پلان و بەرنامەکانی ئاڵمان بۆ زیاترکردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران و هەەنگاوەکان بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە، پێشکەش کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مینا ئەحەدی وەک نوێنەری کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە، ئاماژەی بە دۆخی خراپی زیندانییانی سیاسیی ئێران و کوردستان کرد.

پاشان سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە ئاڵمان، باسێکی لەسەر داخرانی باڵوێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا و ڕووداوی تێرۆری میکۆنووس و حوکمی مێژوویی دادگای برلین کرد.

بەشی دووەمی ئەو پانلە تەرخان کرابوو بۆ باسێکی تایبەت لەسەر ڕۆڵ و پێگەی نەتەوە نافارسەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد کە هەردوو پارلمانتاری ئاڵمانی خاتوو "کارۆلین کیرش و سەنا عەبدی" و پڕۆفیسۆر "فەریاد فازڵ عومەر"، سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوە کوردییەکانی زانکۆی برلین و "نەسرین ڕەمەزانی"، چالاکی کرێکاری قسەیان لەسەر کرد.

پڕۆفیسۆر فەریاد فازڵ عومەر، بە تێروتەسەلی باسی دۆخی کورد لە هەرچواربەشی کوردستان و بەتایبەت دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد وتی: "ئەو وڵاتەی کە ئێمە وەک دەوڵەت- نەتەوەی ئێرانی و بەو شێوازەی ئەوڕۆ دەیناسین، لە کۆتاییەکانی ١٩٢٥ لەسەر سەرکوتی نەتەوە نافارسەکان و قڕکردنی مافەکانی ئەوان دروست کراوە". ناوبراو پان‌ئێرانیزم و فاشیزمی سەردەستی بە بەربەستی سەرەکیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانی.