دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری کەرەج، ١٣ هاووڵاتیی بەهایی بە زیندان، دوورخستنەوە، جەریمە و بێبەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان، سزا دا.
دادگای ئینقلابی کەرەج، ١٣ هاووڵاتیی بەهایی بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن و چالاکیی پەروەردەیی و پڕوپاگەندە دژی شەرعی ئیسلام، بەشداری لە پێکهێنانی گرووپ و سازماندانی گرووپێک بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات لە ڕێگەی بانگەشە بۆ بەهاییەت لەناو منداڵان، لاوان و گەنجان، چالاکیی پەروەردەیی و پڕوپاگەندە دژ بە شەرعی ئیسلام لە ڕێگەی پەروەردە و بەپێی پەروەردەی بەهاییەت لە باخچەکانی منداڵان"، بە زیندان، دوورخستنەوە، جەریمە و بێبەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان سزا داوە.
بەپێی ئەو سزایە "عەفیف نەعیمی"، هاووڵاتیی تەمەن ٦١ ساڵی بەهایی بە حەوت ساڵ زیندان، پێنج میلیارد تەمەن جەریمەی نەختی، پێنج ساڵ بێبەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان، دوورخرانەوە بۆ پارێزگای ئەلبورز، قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی بۆ دەرەوەی وڵات و چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی بۆ ماوەی دوو ساڵ، سزا دراوە.
عەفیف نەعیمی یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی پێشووی کۆمەڵگەی بەهایی ئێران کە لەنێوان ساڵەکانی ١٣٨٧ تا ١٣٩٧ ماوەی ١٠ ساڵی لە زیندانەکانی "ئێڤین و ڕەجایی شار"دا تێپەڕ کردووە.
دوو هاوڵاتیی بەهایی دیکە بە ناوەکانی "سامان ئوستوار" و "کامیار حەبیبی" هەر کامەیان بە پێنج ساڵ زیندان، ٥٠ میلیۆن تمەن جەریمەی نەختی، پێنج ساڵ بێبەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان، دوورخرانەوە بۆ پارێزگای ئەلبورز، قەدەغەکردنی ڕۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات و چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی بۆ ماوەی دوو ساڵ، سزا دراون.
کامیار حەبیبی، ڕاملە تیرگەرنژاد، ئیلهام شارقی ئارانی، بیتا مۆمتازی، شەهرزاد مەستووری، سەدەق تیرگەر، نگین ڕەزایی، سەهبا ئەدیانی و نەکیسا سادقی، هەر کامەیان بە ٢٥ مانگ زیندان، جەریمەی نەختی، پێنج ساڵ بێبەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان، دوو ساڵ قەدەغەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ئەلبورز، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ قەدەغەبوونی هەر جۆرە چالاکییەکی پەروەردەیی و کولتووری، سزا دراون.