کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

14:42 - 25 رێبەندان 2722

مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، لە کاتی گواستنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاونیوز"، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی گوندی مارەغانی سەردەشت لە کاتی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە ورمێ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

پاش بانگەوازی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ بومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی لە کوردستان، هەموو شارەکانی کوردستان بە کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکارییە مرۆییەکانیان بە هانای خەڵکی "خۆیـ"ـیەوە چوون، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم سەرەڕای ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتییەکان، ئەندامانی دیار و بەرچاوی ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەسبەسەر دەکات.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.