کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش بەندکراوی سیاسیی عەرەب لە بەندیخانەی شیبان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا

10:01 - 26 رێبەندان 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز ڕایگەیاند کە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئەهواز، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٦ بەندکراوی سیاسیی عەرەب لە بەندیخانەی "شیبانـ"ـی ئەهوازدا سەپاندووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ٦ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بە ناوەکانی "عەلی مەجدەم، موعین خەنفەری، محەممەدڕەزا موقەدەم، سەید سالم مووسەوی و حەبیب دریس" لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری ئەهواز سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ٦ بەندکراوی سیاسیی دیکەی عەرەب بە ناوەکانی "فارس عەموری، جاسم ئالبووغەبیش، قاسم موقەدەم، ئەسکەندەر موقەدەم، ڕەعد مەنیعات و تۆفیق مەنیعات"، لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

سزای لەسێدارەدان و بەندکرانی درێژماوە بۆ بەندکراوانی سیاسی لە کاتێکدایە کە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم بەردەوام باس لە لێخۆشبوونی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران دەکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ئەهواز بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییە عەرەبانەدا سەپاوە.