کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی دانمارک خۆپیشاندانێک بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو

10:26 - 28 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەردەم شارەوانی کۆپێنھاگ گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان بە بەشداریی کۆڕی ئێرانیانی ئازادیخواز لە ئۆدەنسە، کۆمیتەی هاوبەشی پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران، بزوتنەوەی شۆرایی و کۆمیتەی پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران لەژێر ناونیشانی ''ڕۆژی خۆشەویستی و ڤالانتاینی ئەمساڵ یادکردنەوەی ئەو دڵانەیە کە چیتر لێ نادەن و لە ترپە کەوتوون'' بەڕێوە چوو.

ئەو گردبوونەوەیە یادکردنەوە لەو ئەویندارانەی نیشتمان بوو کە نەگەیشتن بەو ڕۆژەی گوڵی خۆشەویستی پێشکەش بە ئەویندارەکانیان بکەن و بە ناکامی سەریان نایەوە و بوون بە مۆمێک کە چەندین مانگە گڕی ھیوای ڕووناکی و ئازادی و سەربەستی دەبەخشێتەوە.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لە بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانە و ھاوئاھەنگی لەگەڵ گرووپی ھاوھەنگاو لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامێک بە زمانی دانمارکی لەلایەن بەڕێز دوکتور ''سەعید سووڵتانپوور'' ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە کە لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو، ئێمە لە ڕۆژی خۆشەویستیدا ڕێز لە گیانفیدایی و لە خۆبوردوویی سەدان ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە دەگرین کە  دڵی پڕ لە ھیوایان لەلایەن کۆماری دژەگەلی ئیسلامیی ئێرانەوە لە لێدان کەوتن. بەڵێن بە گیانی نەمری ئەوان و گشت  ئازادیخوازانی ئێران دەدەین کە تاکوو ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە بێ پسانەوە درێژە بە خەبات دەدەین.

دوابڕگەی ئەو خۆپیشاندان و یادکردنەوەیە داگیرسانی مۆم و چەندین سرودی شۆڕشگێڕی و گۆرانی و دروشمدان بوو.