کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوەندی سێنتری پاڵمە لە ستۆکهۆڵم

16:15 - 28 رێبەندان 2722

هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی سێنتری پاڵمە لە شاری ستۆکهۆڵم، لەگەڵ پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سۆسیال دێموکرات دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چوونە ناوەندی سێنتری پاڵمە و لەگەل خاتوو پاولا ئۆڵسۆن، هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سۆسیال دێموکرات کۆ بوونەوە و لەو دیدارەدا باسی هەلومەرجی کوردستان و ئێرانیان بە گشتی خستە بەرباس و لێکدانەوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، باسی مووشەکبارانکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کرا کە ڕێژیمی ئاخووندی بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کردە سەر بارەگا و کەمپەکان لە کۆیە کە ئەو هێرشانە بوونە هۆی شەهیدبوونی ١٢ پێشمەرگە و زیاتر لە ٤٠ برینداری لێکەوتەوە و زۆربەی ماڵ و قوتابخانەکان تێک ڕووخان.

دواتر باسی گرتن و کوشتنی لاوان و بریندارانی خۆپێشاندانەکان کرا و سەرەڕای ئەوانەش ڕێژیم دەستی کردووە بە ڕفاندنی قوتابیان و کەسایەتییەکان لە نێوخۆی کوردستان و هەروەها باس لەوەش کرا کە زۆرینەی کوژراو و  بریندارانی خۆپێشاندانەکان لە کوردستان و بەلووچستان بووە و باسی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی کرا کە خەڵکەکەی سەرگەردان و ماڵ وێران بوون، بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ بایەخێکیان پێ نادات.

خاتو پاولا وتی: ئێمە بە وردی ڕووداوەکانی ناوچەکە و خۆپێشاندانەکانی ئێران و کوردستان دەبینین و هیوامان وایە کە بە جۆرێکی ئەرێنی کۆتایی بەو بابەتانە بێت و هەرچی لە دەستمان بێ بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان دەیکەین.