کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرانا: لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا هەتا ئێستا ٥٢٩ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٩ هەزار کەس دەسبەسەر کراون

11:40 - 29 رێبەندان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا کە ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، لە دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٢٩ کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

ئەو هەواڵدەرییە مافی مرۆییەی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ٤ مانگدا و پاش دەسپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ١٩هەزار و ٧٣٦ کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ئەشکەنجە و ئازار دان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ٥٢٩ شەهیدی ڕێگای ئازادیی گەلانی ئێران، ٧١ کەسیان منداڵ و مێرمنداڵن کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە کاتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانەوە هەتا ئێستا ٧٢٣ خوێندکاری زانکۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.