
کوردستانییان و ئێرانییەکانی دانیشتوو لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕێبەندان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، داوای پشتیوانیی جیهانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان کرد.
خۆپیشاندەرانی پێکهاتوو لە نەتەوەکانی ئێران لە ئەمریکا لە ''واشنگتۆن دی سی، کالیفۆڕنیا، سانفڕانسیسکۆ'' پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دەربڕی و داوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و جێگیرکردنی حکوومەتێکی دێموکرات و پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کرد.
هاوکات لە کانادا لە شارەکانی تۆرێنتۆ، ڤانکۆفێر و مۆنترال، خۆپیشاندەران هاودڵی و پشتیوانیی خۆیان لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی و داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە سەبارەت بە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران کاردانەوە نیشان بدەن و گوشارەکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زیاتر بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە لە ئاڵمان، سویس، سوید، نۆروێژ، دانمارک، فەنلاند و ئیرلەند ڕۆژی شەممە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی مۆنیخ خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و یادی چلەی شەهیدان محەممەد مەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنییان کردەوە کە لە شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کران و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دران، هەروەها پشتیوانیی خۆیان لە گەلانی ئێران دووپات کردەوە.
هەروەها کوردستانییان و ئێرانییەکانی دانیشتوو لە ئوسترالیا لە شاری مێلبۆڕن، بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانێک، داوایان کرد سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان و کۆمەڵگەی جیهانیش بەرەنگاری جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران ببێتەوە.