کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە کانادا بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا

12:21 - 30 رێبەندان 2722

بە بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ڤەنکۆڤەری وڵاتی کانادا، خۆپێشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بۆ ٢٤ـەمین حەوتوو، بە بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کانادا خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو. سەرەتا كەیومەرس بەیگی، بابەتێكی لەمەڕ مێژووی سپای تێرۆریستی پاسداران كە چۆن دروست كراوە، پێشكەش بە بەشداربووان كرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران بە ئینگلیزی لەلایەن "ژینۆ كەریمیـ‌"ـیەوە  پێشكەش كرا و ئاوڕێک لە شۆڕشی ژینا درایەوە و داوا كرا كە سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە و پێشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بکرێت.

هەروەها "تام كمێچ"، ئەندام پارلمانی كانادا كە لەلایەن كۆمیتەی حزبی دێموکراتەوە بانگهێشت كرابوو، پشتیوانیی خۆی و حیزبەکەی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران و کوردستان دەربڕی و بەڵێنیی دا کە لەگەڵ پارلمانتارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەیکە کە سپای پاسداران بخەنە لیستی تێرۆرەوە.