کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد پاش ٨ مانگ دەسبەسەرکران

09:43 - 1 رەشەمه 2722

چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسێن مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی، کە ٨ مانگ پێش لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، تا ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، موحسێن مەزڵووم، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری دێولان، وەفا ئازاربار، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و هەروەها پژمان فاتحی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، لە هەشتەمین مانگی دەسبەسەربوونیاندا هێشتا بەبێ ڕێپێدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و بەبێ مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە گرتنگەی ڕێژیم بەند کراون.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بۆ جاری دووەم فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی موحسێن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتحی لە تێلێڤیزیۆنی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرایەوە. وێڕای ئەوەی کە ناوەندە حکوومەتییەکان ڕێژیم دۆسیەسازییان بۆ ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە مەترسی و نیگەرانیی ئەگەری جێبەجێبوونی سزای قورسی ئەو هاووڵاتییانەی زیاتر کردووە.

ئەو چوار هاووڵاتییە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بوون کە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە گوندی "ئینگجە"ی سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.