کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لەژێر ناوی "ئەولەوییەتەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە ئێستاوە تا گەیشتن بە دێموکراسی لە ئێران"

11:28 - 1 رەشەمه 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، سمینارێک لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و بە بەڕێوەبەریی ڕادیۆ فەردا لە دوو بەشی "ئەولەوییەتەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێستادا" و "ئەولەوییەتەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دەورانی گواستنەوە"، لە زانستگەی ئۆسڵۆ لە نۆروێژ بەڕێوە چوو.

سەرەتا، مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، باسێکی گشتیی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شۆڕشی ژینا پێشکەش کرد.

دواتر دوکتور هاشم ئەحمەدزادە، مامۆستای زانکۆ، باسێکی لەسەر "مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان" پێشکەش کرد و کورتەمێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی ئێران و عەوداڵبوونی گەلانی ئێران بەدوای ئازادیدا باس کرد کە تا ئێستاش وەدی نەهاتووە.

دوکتور ئەحمەدزادە وتی: بەداخەوە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران "تەواوییەتی ئەرزیـ"ـیان وەک کوتکێک بۆ سەر نەتەوەکانی ئێران بەکار هێناوە و بەو بیانوویە کە ئێران دابەش دەبێت، لە دانی مافە سەرەتاییەکان بۆ نەتەوەکانی ئێران وەک کورد، بەلووچ و تورک و... خۆ دەبوێرن.

پاشان نازەنین ئەنساری، بەڕێوەبەر و بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهانی لەندەن، باسێکی لەسەر "بەشداریی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە لە دەورانی گواستنەوە"دا پێشکەش کرد.

دواتر عەمار مەلەکی، یاریدەدەری مامۆستای زانکۆ، بە ئامار و ڕێژەوە باسی لە ویستی خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە فرەڕەنگی و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێرانی کرد و قەبووڵکردنی ئەو ڕاستییەی بە گرینگ زانی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا شیرین عیبادی، پارێزەر و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، پەیامێکی کورتی بە ڤیدیۆ ناردبوو کە لەودا باسی لە گرینگیدان بە مافەکانی مرۆڤ و هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە نیزامێکی سێکولار و دێموکراتیک کرد.

بەشی دووەمی سمینارەکە تایبەت بوو بە "ئەولەوییەتەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دەورانی گواستنەوە".

دوکتور پەیام ئەخەوان، مافناس و دادستانی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسێکی لەژێر ناوی "عەداڵەتی گواستنەوە" پێشکەش کرد و وێڕای پێداگری لەسەر عەداڵەت و دادوەری، داوای لێپرسینەوە و پێڕاگەیشتن بە جینایەتەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد.

دواتر "فەرەنگیس بیات"، ڕۆژنامەوان، باسێکی لەسەر "پێوەندیی گواستنەوەی سیاسی لەگەڵ عەداڵەت" پێشکەش کرد و ئاماژەی بە تێپەڕینی خەڵک لە هەموو جیناح و دەستەیەکی ڕێژیم کرد.

پاشان مونیرە شیرانی، بەرپرسی مافی مرۆڤی بەلووچستان، وێڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، بابەتێکی لەژێر ناوی "مافەکانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان" پێشکەش کرد ئاواتی خواست بە سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا لە ئێران، مافی هەموو نەتەوەکان و پێکهاتەکان بە فەرمی بناسرێت.

لە کۆتاییدا حوسێن خەلیفە، ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان، باسی لەوە کرد کە یارسانەکان کەمایەتییەکی ئایینیی کوردن کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چەوساونەتەوە و هیوای خواست لە داهاتووی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتدا ڕێز لە کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەکانی نێو ئێران بگیردرێت.

جێی ئاماژەیە کە هەیئەتی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب و ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری ئەو سمینارە بوون کە بە پرسیار و تێبینییەکانیان سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.