کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢١ی فێورییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
"زمان شادەماری نەتەوەیە"
زمان یەکێک لە کۆڵەکە پتەو و قایمەکانی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە. لە وڵاتێکدا کە نەتەوەکەمان لە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی بێبەشە، کچ و کوڕە بوێرەکانی، بە فێرکردنی زمانی دایکی، نیشتمان بنیات دەنێنەوە. ئەو مرۆڤە خۆنەویستانەی لە پێناو ناسنامەکەیاندا زیندانی کراون و هەموو جۆرە ئازادییەکیان لێ زەوت کراوە، شایانی ئازادی و سەربەستین.
لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، سڵاو بۆ هەموو ئەو مامۆستا خۆبەخشانە دەنێرم کە شەو و ڕۆژیان بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان خستووەتە سەر یەک و بۆ چرکەیەکیش لە نیشتمان و کەرامەتی نەتەوە و زمانەکەیان غافڵ نەبوونە.