کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە و داخوازیی کوردانی فینلاند بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران

12:24 - 2 رەشەمه 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر داوای کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاند، بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەری لە کوردستان و ئێران، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەردەم پارلمانی فینلاند، لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکە بە بەشداریی چوار ئەندام پارلمانی فینلاند و دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی و کوردانی دانیشتووی فینلاند، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد.

پاشان بەیاننامەی خۆپیشاندەران بە زمانی فینلاندی و لەلایەن "وڵات نەهریـ"ـیەوە پێشکەش کرا. لەو بەیاننامەیەدا بە ڕوونی داوا لە پارلمان و ناوەندەکانی دەسەڵات لە فینلاند کرابوو کە بە کردەوە پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بکەن و سپای پاسداران بخەنە لیستی تێرۆرەوە. لە ھەمان کاتدا، بەیاننامە و داخوازیی بەڕێوەبەران و بەشدارانی کۆبوونەوەکە درایە دەستی پارلمانتارە بەشداربووەکان.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، چوار ئه‌ندامی پارلمانی ئەو وڵاتە و ھەروەھا شەیدا سۆھرابی چالاکی سیاسی و بەربژێر بۆ پارلمان، به‌م بۆنەوە بە کورتی پەیامیان پێشکەش کرد و پشتیوانیی خۆیان لە خواستەکانی خەڵک دەربڕی و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

جێگەی ئاماژەیە لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا بە زمانەکانی کوردی، فینلاندی و ئینگلیزی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و "بڕووخێت کۆماری ئیسلامی" دەوترانەوە و سروودی ئەی شەھیدان خوێندرایەوە.