کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکران و دەسبەسەرکردنی سێ مامۆستای ئایینیی کورد

12:45 - 2 رەشەمه 2722

لە درێژەی گوشاری ڕێژیم بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی کوردستان، سێ مامۆستای ئایینی لە پیرانشار و نەغەدە بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو دوو شارە کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''چاونیوز''، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە، سێ مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا جەعفەر پەروینی لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئایینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، مامۆستا عەلی ڕەحیمی پێشنوێژی مزگەوتی ''کۆنە خانێ'' لە پیرانشار و مامۆستا عەلی پوورمەند، پێشنوێژی مزگەوتی سەید عەبدوڵڵا کەماڵیی نەغەدە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو دوو شارە  بانگ کران.

مامۆستا عەلی ڕەحیمی و مامۆستا عەلی پوورمەند دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون، بەڵام هەتا ئێستا لە چارەنووسی مامۆستا جەعفەر پەروینی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا بەشێک لە مامۆستایانی کوردستان بەهۆی پشتیوانی لە داخوازیی خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر یان بانگی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم کراون.