مەجید حەقی
لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکاندا (١٩٤٨) بۆ لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی سزا بۆ تاوانی کۆمەڵکوژی، ژینۆسایدی زمانی وەک یەکێک لە ڕەهەندەکانی ژینۆساید لەگەڵ کۆمەڵکوژیی فیزیکی بە تاوانی گەورە دژی مرۆڤایەتی تاوتوێ کرا. لەو کۆنفرانسەدا ژینۆسایدی زمانی بە شێوەی خوارەوە پێناسە کراوە:
"هەر کردەوەیەکی بەرنامەدارێژراو بەمەبەستی لەنێوبردنی زمان، ئایین یان کولتووری گرووپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی وەک نموونە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی ئەو گرووپە لە ژیانی ڕۆژانە یان فێرگە، یان چاپ و بڵاوکردنەوە بەو زمانە و وێرانکردن و بەرگریکردن لە دامەزراندنی کتێبخانە، مۆزەخانە، فێرگە و بەرهەمی مێژوویی و بنکە کولتووریییەکانی دیکە."
لە دەسپێکی ڕەوتی "دەوڵەت نەتەوەی" ئێراندا یەکێک لە ئامانجەکانی دەسەڵاتداران "یەکسان"کردنی فەرهەنگ، چاند و زمانی ئێرانییەکان بوو، بەو واتایە کە هەوڵێکی سیستماتیک درا کە هەموو زمان و کولتوورەکان لەنێو کولتوور و زمانی فارسی و نەتەوەی فارسدا بتوێندرێتەوە. لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەم ڕەوتە لە سێ قۆناغی جیاوازدا جێبەجێ کرا: ١. قەدەغەکردنی زمانەکانی جگە لە زمانی فارسی لە پەروەردە، ئیدارە و ڕاگەیەنە گشتییەکاندا. ٢. پاکسازیی زمانی فارسی، ٣. گۆڕینی ناوەکانی شار و گوندەکان بە زمانی فارسی.
ڕێژێمی پەهلەوی لە ساڵی ١٣١١ (١٩٣٣) زمانی فارسیی وەک تاکە زمانی پەروەردەی سەرانسەری ئێران دیاری کرد و خوێندن و نووسین بە هەموو زمانەکانی دیکە کە پێشتر لەو جوغرافیایەی کە ئەمڕۆ بە ئێران ناو دەبردرێت ئازاد بوو، قەدەغە کرا. دروشمی سەرەکیی ڕێژێمی شا بریتی بوو لە "یەک نەتەوە، یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک زمان". لە سەردەمی ڕێژیمی پاڵەویدا جیاوازیی زمانەکانی دیکە وەک نەخۆشی و مەترسییەک دەبیندران کە تەنیا لە ڕێگەی لەنێوچوونی ئەو زمانانەوە چارەسەر دەکرا. بۆ نموونە مستۆفی، پارێزەری ئازەربایجان قسەکردن بە زمانی "تورکی"ی قەدەغە کردبوو. پاساوی ئەو بۆ ئەم کردەوەیە ئەوە بوو کە نایهەوێ مناڵەکانی "داریووش"ی هەخامەنشی بە زمانی "چەنگیز"ی موغول قسە بکەن. لە هەمان سەردەمدا لەنێو ئیدارەکانی ڕێژێمی پاشایەتیدا فەرمان درابوو کە "هەرکەس بە زمانی تورکی قسە بکات، دەبێ هەوساری گوێدرێژ لێی ببەستێ و بە ئاخۆڕ ببەسترێت".
هەر لەو سەردەمەدا جیاوازیی زمان و کولتوور بە هەڕەشەیەک دژی ئاسایشی نەتەوایەتی بینرا و لە گەڵ هەموو بزاڤە شوناسخوازەکاندا کە داوای مافی بەکارهێنانی زمانی زگماکیی خۆیان دەکرد وەک "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوایەتی" دەبیندرا. زمانەکانی غەیری فارسی لە سەردەمی ڕێژێمی پاڵەویدا بە ڕادەیەک لاواز و کز کرابوون کە ئەگەر تەمەنی ئەو ڕێژێمە بۆ ئەمڕۆ درێژەی بکێشایە، دوور نییە زمانی نەتەوەکانی دیکە بەتەواوی ئاسێمیلە کرابایە و کوردی وەک باکووری کوردستان تووشی ئاسێمیلاسیۆن و لاوازی بوایە.
لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا سەرەڕای بوونی ماددەی پانزدەی یاسای بنەڕەتیی ئەو ڕێژێمە، خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی وەک هەڕەشەیەک دژی "ئاسایشی نەتەوایەتی" دەبیندرێت و یاسای ڕۆژنامەگەریی (قانون مطبوعات) کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا زۆر بەڕوونی باسکردن لە جیاوازیی زمانەکان و ویستی "قەومی" بە هەڕەشە لە سەر یەکیەتیی نەتەوایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی دانراوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا بوودجەی دەوڵەتی ئێران بۆ دۆزینەوەی وشەی نوێی فارسی ١١ ملیۆن تمەن بوو و لەهەمان ساڵدا زارا محەممەدی بە تاوانی وتنی وانەی کوردی پێنج ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپا و ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زمانی زگماکیی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە گرتووخانەکانی ئێراندان.
ژینۆسایدی زمانی بە شێوەکانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێ، وەک قەدەغەکردنی وەشانی کتێب بە زمانی دیکە، یان ئاستەنگ خستنە بەر بڵاوکردنەوەی کتێب و وەشان بە زمانی "غەیرە فارسی" بەتایبەت سنووردارکردن یان قەدەغەکردنی کتێبی مناڵان. بە ملیۆنان مناڵی غەیری فارس لە ئێراندا لە یەکەم ساڵی دەسپێکی خوێندنی خۆیاندا تووشی توندوتیژیی فیزیکی و دەروونی بوون بە هۆی ئەوەی کە توانای قسەکردن بە زمانی فارسییان نەبووە. سووککردن و بچووککردنی غەیری فارسەکان و گەشەپێدانی هەستی خۆبەکەمزانینی کەسانی غەیری فارس یەکێک لە پرۆسەکانی ژینۆسایدی زمانی دژی نەتەوەکانی غەیری فارس بووە، هەستی "شەرم و بچووک" بوون یەکێک لەو کەرەسانەیە دژی مناڵە غەیری فارسەکان بەکار بردراوە. ئەو مناڵانەی کە بە زمانی غەیری زمانی فارسی قسەیان کردووە زۆرجار لە قوتابخانە لە پۆل جیا کراونەتەوە و بۆ نموونە ناچار کراون لە گۆشەیەک لە قوتابخانە کردەوەیەک بکەن (وەک بەسەر سینگی خۆیدا خزان، یان لە سەر لاقێک ڕاوەستان ...) ئەو کردەوانەن دژی مناڵە غەیری فارسەکان کراون بە شیوەیەک کە مناڵی نافارس هەست بکات بەوەی کە "من گەمژەم" بۆیە بەو شێوەیە سزا دەدرێم. لە سەردەمی پاڵەوییەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، تەنبێی فیزیکی یەکێک لە شێوازەکانی سەرکوتی ئەو مناڵانە بووە کە لە پۆلەکاندا بە زمانێکی جیاواز لە فارسی قسەیان کردووە.
قەدەغەکردنی دامەزراندنی داینگە (باخچەی ساوایان) بە زمانەکانی غەیری فارسی، ڕێگرتن لە دامەزراندنی قوتابخانە و نەبوونی هیچ بەرنامەیەکی پەروەردەیی بۆ زمانەکانی غەیری فارسی لە وڵاتدا دەبنە هۆی ئەوەی کە "زمانی فارسی" ببێتە زمانی "سروشتی"ی خەڵک و زمانەکانی دیکە بە شێوەی دیفاکتۆ قەدەغە بکرێن و مناڵە نافارسەکان لە تەمەنی شەش ساڵییەوە ئاسێمیلە بکرێن و زمانیان بە ئاستی "شێوازێکی قسەکردن" (گویش) لە ناوماڵ و کۆڵان و بازاڕ بچووک بکرێتەوە. ئەم پرۆسەیە لە پرۆسەی قەڵاچۆی فیزیکیی نەتەوە کاراترە و لە درێژدەمدا دەبێتە هۆی توانەوەی نەتەوەیی.
ناچارکردنی مناڵەکانی "غەیری فارس" بە ئاخاوتن بە زمانی فارسی لە منداڵیدا و ئاسێمیلەکردنیان جیا لەوەی دەبێتە هۆی ئەزموونی ناخۆشی فێربوون، دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی لە مناڵەکاندا کە لە دواڕۆژدا بەرۆکیان پێ دەگرێت. ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوای یەک دوو نەوەی دیکە زمانی زگماکیی خۆیان لەبیر بکەن و ببن بە بەشێک لە زمان و نەتەوەی سەردەست. ئەمە هەڕەشەیەکە بە درێژایی مێژووی ئێرانی مۆدێرن ڕووبەڕووی نەتەوە بندەستەکان بووەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی غەیری فارس زمانێک جگە لە زمانی فارسی نازانن و بنەماڵەکان بەتەواوی ئاسێمیلە کراون. لە ئەنجامدا ئەمە پرسی "کۆمەڵکوژی"ی زمانە، تەنانەت لەوانەیە لە سەرەتادا وا دەرکەوێت کە قسەکەران بۆخۆیان واز لە زمانەکەیان هێناوە.
لە هەموو تەمەنی حکوومەتەکانی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامیدا بەکاربردن و خوێندن بە زمانی زگماکیی نەتەوە "غەیری" فارسەکان وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکیەتیی خاکی وڵات سەیر بینراون و لە دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەبیندرێت کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکانیش پێڕەوی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و پاڵەوی دەکەن و دژی پەروەردە بە زمانی زگماکی، هەموو جۆرە ئۆتۆنۆمییەک لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی و زمانی جێبەجێ دەکەن. ئەم هەڵوێستانە درێژەی سیاسەتی لەنێوبردنی زمانەکانی دیکەی غەیری فارسی و ژینۆسایدی زمانییە. سیاسەتێک کە هەڕەشەیە لەسەر مانی زمانەکانی نەتەوە بندەستەکان و لەوانە نەتەوەی کورد.
ژێدەرەکان:
Capotorti, Francesco (1979). Study on the Rights of Persons Belonging to Ethnic, Religious and Linguistic Minorities. UN Document E/CN.4/Sub.2/384/Rev.1 1991.
ناسیونالیسم ایرانی و هویتطلبی قومی به روایت اصغر شیرازی