
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، جارێکی دیکە ئاماژەی بە سیاسەتە توندەکانی دژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لەنێو نەچوونایە، ڕێککەوتنی ئەم دواییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لەژێر سێبەری هەڕەشە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەبوو.
ترامپ لە قسەکانیدا کە ئاماژە بۆ بەردەوامبوونی ڕوانگەی ئەمنیەتی واشنگتۆن بۆ ڕێژیمی ئێرانە، ڕایگەیاند: ئەگەر ئێمە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانمان لەناو نەبردبایە و ئەم ڕێککەوتنەمان نەکردایە، ئەم ڕێککەوتنە نەدەبووە هۆی شادی خەڵک لە شەقامەکاندا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵک ئەیانوت تۆ مامەڵە دەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتێک هەیە چەکی ناوکی هەیە و هەڕەشەی لەناوبردنی ئێمە دەکات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە دەوڵەتە پێشووەکانی بایدێن و ئۆباما بە گرتنەبەری سیاسەتی نەرم، پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێرانیان کرد و ئەگەر ئەمریکا هێرشی سەربازیی نەکردایەتە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوا لە کەمتر لە دوو مانگدا دەستی بە چەکی ناوکیی دەگەشت.