کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی پێشانگای ''مێژووی کورد لە چوارچێوەیەکی هونەریدا' لە کۆیە

17:22 - 21 رەزبەر 2725

پێشانگایەکی هاوبەشی هونەری بەناوی ''مێژووی کورد لە چوارچێوەیەکی هونەریدا'' لەلایەن خاتوو ''یادگار بروشان'' ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوو هاووڵاتیی خەڵکی باشووری کوردستان، لە شاری کۆیە ڕێک خرا.

ئەم پێشانگایە بە شێوەیەکی تایبەتی چوارچێوەیەکی هونەری لەخۆ گرتبوو کە بڕوانامەیەکی وێنەیی لە مێژووی کورد پێشکەش دەکرد.

یادگار بروشان سەبارەت بە مەبەستی ئەم پێشانگایە وتی: ''زۆرینەی کارەکانمان بە زمان و ڕەنگی کوردی بوو، چونکە کورد و مێژووی کورد و هێماکانی سەرچاوەی ئیلهاممان بوو''.

لە نێوان کارە پێشکەشکراوەکاندا، وێنەی چەند کەسایەتییەکی ناسراوی سیاسی و هونەریی کورد وەک حەسەن زیرەک و تاهیر تۆفیق، هەروەها چەند شوێنەوارێکی کۆنی شاری کۆیە دەرکەوتبوون.

یادگار بروشان، کە تەمەنی ۲۰ ساڵە و ئەندامی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە وتی: ''لە تەمەنی ٨ ساڵیەوە دەستم بە دیواربەندی کرد و لە ١٠ ساڵیەوە چوومە ناو کاری تابلۆی ڕەنگی ڕۆغەنی و پێشتر بەشداریی چەند پێشانگای هاوبەشم کردووە''.

ناوبراو دەڵێت کارە هونەرەییەکانمان یەک سەبکی یەکسان نییە و هەر تابلۆیەک شێوەیەکی جیاواز لە ڕیالیزم، تەکنیک یان خەیاڵ و ئیلهامی تێدایە.

پێشانگای ''مێژوی کورد لە چوارچێوەیەکی هونەریدا' بە بەشداریی بینەران و هونەرمەندان پێشوازیی لێ کرا.