کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاتنی پەرستاران؛ وەزارەتی تەندروستی ئاماری قەیرانەکان سانسۆر دەکات

17:37 - 21 رەزبەر 2725

محەممەد شەریفی موقەددەم، بەرپرسی گشتیی بنکەی پەرستاریی ڕێژیم، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "پەیام ما " بە ڕەخنە لە شاردنەوەی ڕێژەی کۆچی پەرستاران، وتی کە ئاماری فەرمی ڕاستی قەیرانەکان نیشان نادات، لەبەر ئەوەی کە زۆربەی پەرستاران بە بێ وەرگرتنی بڕوانامەی فەرمی، ئێران بەجێ دێڵن.

ناوبراو شەپۆلی بەربڵاوی چوونەدەری پەرستارانی نە تەنیا بە بیانووی کار، بەڵکوو" هەڵاتن لە کار" وەسف کرد و وتی: زۆربەی پەرستاران پێیان باشە لە ماڵەوە بمێێنەوە تا ئەوەی کە لە ژینگەیەکی پڕ لە جیاکاری و گوشاری تاقەتپڕووکێندا کار بکەن ".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرکوتی چالاکوانانی سێنفی پەرستاران، دەڵێت: کاتێک پەرستار نەتوانێ لەسەر مافی خۆی دەنگ بکات و لەبەر ناڕەزایەتیدەربڕین، بانگ بکرێت یا هەڵپەسێردرێت، ئیتر هیچ هیوایەک بۆ مانەوەی نامێنیت"

سکرتێری گشتیی بنکەی پەرستاران لەگەڵ هۆشدارییەک سەبارەت بە کەمیی بەرچاوی کارمەندانی پزیشکی، جەختی لەوە کرد کە بۆ گەیشتن بە کەمترین ستانداردی خزمەتگوزاریی پەرستاری، پێویستە لانیکەم ١٠٠ هەزار پەرستار دابمەزرێن.

بە وتەی ناوبراو، لە ئێستادا بە هەمان ڕێژە پەرستارانی خوێندەوار بێکارن، کە ئەمە نیشانەیەکی ئاشکرایە لە ناکارەمەیی و داڕشتنی سیاسەتی هەڵەی وەزارەتی تەندروستی.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان هەزار پەرستار لەبەر کەمیی مووچە، هەڵاواردنی سیستماتیک و نەبوونی ئەمنییەتی کار، ئێرانیان بەجێ هێشتووە.