کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی پڕۆژەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران

10:43 - 20 رەزبەر 2725

 

عومەر باڵەکی

بەپێی هەواڵی ڕاگەیەنە جیهانییەکان خەریکە شەڕی دووساڵەی نێوان ڕێکخراوی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کە کوشتار و کاولکارییەکی یەکجار زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەسەر بنەمای گەڵاڵەی ئاشتیی ترامپ کۆتایی پێدێ. هەڵگیرسانی شەڕ لە کەرتی غەززە بە هێرشی ڕێکخراوی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ بە هاندانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. هێرشێک کە لە ئاکامی هەڵچوون و ئیحساسات، بەجێگای تەدبیر و ئەقلانییەت داڕێژابوو و بەکردەیی کرا. ڕۆژی یەکەمی هێرشەکە وا دەرکەوت کە ڕێکخراوی حەماس توانیویەتی حکومەتی ئیسرائیل غافڵگیر بکا و زەربەیەکی قورسی گیانی و ماڵی و ئەمنییەتی لە هەمانکاتدا حەیسییەتی، لەو حکومەتە بدا و بوو بە مایەی دڵخۆشی و شادمانی لایەنە توندڕەوە ئیسلامییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوترا ئەو هێرشە سەرەتای کۆتاییهاتنی دەوڵەتی ئیسرائیلە و لە تاران و لوبنان و هێندێک دەوڵەتی ئیسلامی دیکە، نوێژی سەرکەوتن خوێندرا، بەڵام دیتمان ئەو شادی و خۆشی‌دەربڕینە زۆری نەخایاند و حکومەتی ئیسرائیل خێرا خۆی کۆ کردەوە و کاردانەوەی خێرای نیزامی و سیاسی بە هێرشەکەی حەماسی هەبوو. هێرشەکەی حماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەندە کوتوپڕ و لەنەکاو و توندئاژۆیانە بوو نەک تەنیا ئیسرائیل بەڵکوو وڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی تووشی سەرسوڕمان کرد و بەجۆرێک سۆزی دنیای دەرەوە، بەتایبەتی وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکای بۆ پشتیوانیی هەمەچەشنە لە ئیسرائیل بەدژی ڕێکخراوی حەماس و پشتیوانەکانیی ئەو ڕێکخراوەیە جووڵاند. بە واتایەکی دیکە جیهان هێرشەکەی ڕێکخراوی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل نەک مەحکوم کرد بەڵکوو دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلی ئاوەڵا کرد بۆ هێرشی بەربڵاو و هەمەچەشنە بۆ سەر رێکخراوی حەماس و حیزبوڵلای لوبنان و هەموو ئەو گرووپ و تاقمانەی لە ناوچەکەدا پشتیوان و هاوکاری حەماس بوون کە لە ڕاستیدا بە مێحوری مقاومەت بە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی ناسرا بوون. لە حاڵی ئیستادا دەبینین دوای دوو ساڵ شەڕی ماڵویرانکەر لە غەززە و لوبنان و سووریە دەوڵەتانی عەرەبیی ناوچەکە پێشوازی لە گەڵاڵەی ئاگربڕ و ئاشتیی ترامپ سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن و خەریکن لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە.

بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ئاشتیی ترامپ خەرێکە پەنجەرەیەک لە هیوا بە ئارامی و ئاشتی، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێ، بەڕووی گەلی فەلەستین لە کەرەتی غەززەدا دەکرێتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە و زۆرتر باسی لێوە دەکرێ ئەوەیە کە بە نەمانی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ کەرەتی غەززە، نیشانەکانی ئاڵوگۆڕ لە نەخشەی سیاسی ناوچەکە وەدەر دەکەوێ. چونکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە شەڕ لەنێوان حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەک و دەوڵەتی ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە  لەئارادا بوو نزیک بە تەواوی وڵاتانی عەرەبی بەپێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی خۆیان لە ئاستی ئەو شەڕە بێلایەن نیشان دا و تەنانەت کاتێک دەوڵەتی سووریەی بەشار ئەسەد ڕووخا و دەوڵەتی ئیسرائیل کەوتە تراتێنی نیزامی لە سووریە هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون بە قسەش بێ، لە بەرانبەر کردەوە نیزامییەکانی ئیسرائیل دەرحەق بەو ڕێکخراوانە و خەڵکی ئەو وڵاتانە وەجواب بێن.

 کە چاو لە ڕەوتی ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو دەکەین دەبینین لەو نێوەدا دۆڕاوی سەرەکیی شەڕەکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. چونکە ئەو ڕێژیمە لە ڕۆژی بەدەسەڵات‌گەیشتنی لە ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە شۆڕشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بکا و بۆ پێکان و بەئامانج‌گەیاندنی ئەو ستراتیژییە هەوڵی داوە بە سەرفکردنی سەرچاوە دارایی و ئینسانییەکانی ئێران بە دەیان گرووپ و ڕێکخراوی توندئاژۆی ئیسلامی لە ناوچەکەدا پێک بێنێ و لە ڕێگای ئەوانەوە دەست لە کاروباری دەوڵەتانی ناوچەکە وەربدا بەجۆرێک هەتا دوو ساڵ لەوەپێش وا باو بوو کە دەگوترا کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگە لە تاران، دەسەڵاتداریەتیی چوار پێتەختی دیکەش لە ناوچەکەدا دەکا بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناچار بوون بەتەواوی لەو وڵاتانە پاشەکشە بکەن کە بە حەسارخەڵوەتی خۆیان دەزانی. تەنانەت لە شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بەرەو ئەوە دەرۆیشت کە دەسەڵاتی بەسەر تارانیشدا نەمێنێ.

کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنانی ئەو هەموو گرووپە نیابەتیانەی لەژێر ناوی "مێحوەری مقاومەت" لە پانتایی جوغرافیایەکدا بەناوی هیلالی شیعە بە بیانووی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و پشتیوانی لە گەلی فەلەستین پێکهینا بوو و بە هەموو ئیمکاناتەوە دیوارێکی لە ئاگر و ئاسن بە دەوری ئیسرائیلدا کێشابوو، یەکەم بۆ ئەوەی بتوانێ هەر کاتێک ئیرادە بکا بە قسەی فەرماندەران و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان بسرێتەوە و قودس ئازاد و بیهێنەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ئیسلامی لە چەشنی تاران، دووهەم بەو قەیران‌خوڵقێنانە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، قەیرانەکانی نێوخۆی ئێرانی پێ‌داپۆشێ. بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا جیهان شاهیدی ئەوە بوو کە نەک مێحوەری مقاومەت بەتەواوی لاواز و تەنانەت لە هێندێک جێگای وەک سووریە بەتەواوی تێدا چوو بەڵکوو پریشکی ئەو شەڕەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای حەماس وگرووپە نیابەتییەکانی بەدژی ئیسرائیل هەڵگیرساندبوو داوێنی خۆشی گرتەوە و لە ماوەی دوازدە ڕۆژدا ئاسمانی ئێران بوو بە مەیدانی تەڕاتێنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و توانیان زەربەیەکی قورس لە جەستەی نیزامی، ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی و ژێرخانی ئابووریی ئێران بدەن و قەیرانێکی گەورەتری ئەمنییەتی و بەرگری لە خاکی ئێران ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ئێران دروست بکەن .

ئێستاکە کە گەڵاڵەی ئاشتیی ترامپ خەریکە  لە کەرەتی غەززە لەنێوان رێکخراوی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و ئیدارە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەدرێ بە حکومەتێک پێکهاتوو لە کەسانی تەکنۆکرات و ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێری و مودیریەتی دەوڵەتی ئەمریکادا دەبێ، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەیەکجاری لەو ناوچەیە ئاسەواری نامێنێ و ئەوە دەتوانێ بزماری کۆتایی بێت لە تابوتی ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکان و سەرەتایەک بێت بۆ پرۆسەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.