
ڕەزا دانشجوو
شەڕی دوانزە ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل وەک چرایەک دیوی شاراوە و کەمتر بینراوی کۆماری ئیسلامیی نیشان دا و پەردەی لەسەر زۆرێک لە ئیدیعا بێمانا و خەیاڵییەکانی ڕێبەرانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ لادا. کوشتن و تێرۆری بەشێکی زۆر لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ڕێژیم لە سەعاتەکانی سەرەتای شەڕدا و سەروەریی ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکان و ئاسمانی بێدیفاعی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژێمی ویلایەتی فەقیهـ نیشانی دا کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی و ئامێری پڕوپاگەندەی ڕێژیم ساڵانێکە بە گوێی لایەنگران و بەکرێگیراوانی دەخوێنێ، جگە لە نمایشێکی گاڵتەجاڕی و بێمانا شتێکی زیاتر نەبووە!
ئامادەنەبوون و خۆحەشاردانی درێژخایەنی خامنەیی سەرکردەی ڕێژیم و ڕێبەری خەیاڵیی موسڵمانانی جیهان زیاتر لە هەموو شتێک ئاماژەیەکە بەو ڕاستییە کە ئەوەی ڕێبەری ڕێژیم ساڵانێکە وەک شەرەفی شەهیدبوون لە کۆڕی سەرەخۆشی و پرسەی کوژراوان و لەنێوچووانی ڕێبازی دروێنەی کۆماری ئیسلامی باسی دەکرد، تەنیا بۆ بێدەنگکردنی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی پڕوپاگەندەی ڕێژیم بوو، ئەگەرنا ڕێبەری گەورەی! ئینقلابی ئیسلامی خۆی بە هیچ شێوەیەک حەزی لە شەهیدبوون نیە! ئەمە خەسڵەتی بنەڕەتی هەموو دیکتاتۆرەکانە کە سەرەڕای بانگەشەی بێ بنەما، بە شێوەیەکی سەیر ترسنۆک، نەوێر و بێ ورەن و لە کۆتاییدا زوربەیان بە شێوەیەکی زۆر نزم و خوێڕیانە دەمرن. ڕەنگە چاوشێسکۆ، قەزافی و سەدام و نوێترین نموونە بن.
لێکدانەوەی وتارەکانی ئەم دواییەی خامنەیی، چ لە کاتی شەڕی دوانزە ڕۆژە و چ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، جگە لە خۆهەڵکێشان و دووپاتکردنەوەی تاقمێک هەڕەشەی بێبنەما، دەرخەری خاڵێکی گرنگی دیکەیە. خامنەیی لەڕادەبەدەر لاواز و نەخۆشە و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نیە! لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک وەک ڕابردوو ناتوانێت دەستێوەردان لە هەموو شتێکدا بکات! ئەمەش هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، بووەتە هۆی ئەوەی کە گرووپە دەسەڵاتدارەکانی نێو ڕێژیم بۆ دەستبەسەرداگرتنی تاج و تەختی خامنەیی بکەونە نێو ململانێیەکی ڕانەگەیەندراو! گەڕانەوەی عەلی لاریجانی، سیاسەتمەداری کۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاڵقەی نزیک لە دەسەڵات دوای ماوەیەک لە دوورخستەوە و خانەنشینی زۆرەملێ و دوورکەوتنەوەی لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵات، لە کاتێکدا خۆی و براکانی سەردەمانێک لە لوتکەی گۆڕەپانی سیاسی کۆماری ئیسلامی بوون و بۆ ماوەیەک، تەنانەت ناوی سادق لاریجانی برای، سەرۆکی ئەنجومەنی بەرژەوەندییەکانی باڵای ڕێژیم ، وەک جێنشینی خامنەیی ناوی دەهێنرا، سەرەتای ئەم شەڕ و ململانێیە!
بەڵام بە دڵنیایەوە کارەکتەر و ئەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆژانەی ململانێی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا حەسەن ڕوحانییە! کەسایەتیی دووفاق و خۆرپەرستی کۆماری ئیسلامی! حەسەن ڕۆحانی کە زیاتر بە خاتری ڕواڵەتی ڕێکوپێک و پاک و خاوێنی بەراوەرد بە سیاسەتمەدارانی دیکەی ڕێژیم ناسراوە، جگە لە ڕواڵەتی کەمێک جیاوازی، یەکێک لەو کەسایەتییانەی کۆماری ئیسلامییە کە لە هەردوو لایەنی حکومەتدا ڕۆڵی هەبووە. لە سەرەتای دامەزرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئەمڕۆ ڕوحانی دەیان پۆستی گرنگی وەک نوێنەری مەجلیس، سەرۆکی مەجلیس، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش و سەرۆککۆماری هەبووە. ڕۆحانی لە تەواو ئەم پۆستانەدا و لە قۆناغە جیاجیاکانی چالاکییە سیاسییەکانیدا هەمیشە داکۆکیکار و لایەنگری سەرەکیی سەرکوتکردن و زیندانیکردنی نەیاران و دەنگە ناڕازییەکان بووە. هەڵوێستە توند و نامرۆڤەکانی بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە دەرخەری ڕاستیی کەسایەتیی حەسەن ڕوحانین! ڕەنگە خۆپەرستی گەورەترین تایبەتمەندیی ڕوحانی بێت. کەسێک کە بە درێژایی تێکۆشانی سیاسی بەپێی سووڕانی خۆر لانیکەم لە قسەدا شوێن و پێگەی خۆی گۆڕیوە!
کاتێک لایەنی بەناو ڕیفۆرمخوازی ڕێژیم هاتە سەر دەسەڵات، ڕوحانی بناژۆخوازێکی توندڕەو بوو کە لە بنەڕەتدا دژی هەر ئازادییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو! هەرچەند ئەوەی ڕیفۆرمخوازانی ڕێژیم باسیان دەکرد و باسی دەکەن، جگە لە نمایشێکی گاڵتەجاڕی هیچی تر نەبووە و نیە، بەڵام ڕووحانی دژی ئەوەش بوو! لێدوان و قسەکانی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ڕێژیم دوای سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی تاران لە ساڵی 78 کە دەیان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە؛ بە ڕوونی ناخی نامرۆڤانەی و باوەڕی سەرکوتگەریی ئەم سیاسەتمەدارە کۆنەی ڕێژیم نیشان دەدات.
دوای ئەوەی خامنەیی زۆربەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی بەناو ئیسلاحتەڵەبی پەراوێز خست و گۆشەگیری کردن و شوڕای نیگابان لە کایەی ململانێی دەسەڵات لەنێو حکومەتدا ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی ئەم کوتلەیە کردبوو، حەسەن ڕوحانی ئەمجارە وەک ڕیفۆرمخوازێک یان _وەک خۆی ناوی دەبرد- کەسێکی میانڕەو دەرکەوت! ڕوحانی کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە سەرکوتکردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی هەبووە، ئەمجارەیان وەک داکۆکیکاری زوڵملێکراوان دەرکەوت و هێرشی کردە سەر هاوکارەکەی قالیباف کە پێکەوە دەورێکی سەرەکییان لە سەرکوتکردنی ڕووداوەکانی زانکۆی تاران لە ساڵی 78دا هەبوو! ڕوحانی قالیبافی وەک بکەر و تاوانباری ئەم ڕووداوە ناو برد و بە گێڕانەوەی چەند ڕەوایەتی درۆینە خۆی بە بێتاوان و دیپلۆمات ناو برد! ڕووداوەکانی سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕوحانی، سەرەڕای ئیدیعا و بەڵێنە پووچەکانی، هیچی شتێکی تازەی بۆ خەڵک بەدیاری نەهێنا.
بەدەر لە گوشارە ئابوورییەکان و کێشە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ڕەنگە گرینگترین تایبەتمەندیی سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی نەرم و جارجارەی لەگەڵ ڕێبەری ڕێژیم خامنەیی بێت! ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕە قسەیە تا کۆتایی سەردەمی سەرۆک کۆماریی ڕوحانی بەردەوام بوو، هەرچەندە هەرگیز نەگەیشتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بەڵام تێچووی زۆری بۆ ڕێویی پیر لێ کەوتەوە! دوورخستنەوەی لە ئەنجوومەنی بەرژەوەندییەکانی باڵای ڕێژیم و بێبەشکردنی لە بەشداریی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی بەناو خوبرەگان، سەرەتای پرۆسەی دوورخستەوە، گۆشەگیر و خانەنشینکردنی ڕووحانی بوو! سەرەڕای هەموو ئەمانە، سیاسەتمەداری خۆپەرستی ڕێژیم لە ترسی کاردانەوەی زیاتری خامنەیی بۆ ماوەیەک بێدەنگیی هەڵبژارد! ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو و بێتوانایی جەستەیی و ڕوحیی خامنەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات، دەرفەتێکی دیکەی بۆ ڕێویی پیر ڕەخساند کە جارێکی دیکە قسەکانی ڕابردووی بەڵام ئەوجارە لە فۆرمێکی نوێدا وەک نەیارێکی دەسەڵاتدار دووپات بکاتەوە و تەحەدای خامنەیی و حکومەتەکەی بکات!
ئەمجارە ڕوحانی ئاشکرا هەوڵی دا بە جەختکردنەوە لە هەندێک بابەتی نێوخۆیی و دەرەکی وەک ئەلتەرناتیڤێکی کەم خەرج و لەبەردەست بۆ داهاتوی کۆماری ئیسلامی دوای نەمانی خامنەیی بە تایبەت بۆ ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەرکەوێت کە بەردەوام باس لە گوڕانکارییەکی نەرم لە دەسەلات کۆماری ئیسلامی وەک خواستی سەرەکییان بۆ داهاتووی ئیران دەکەن!
بەڵام کۆتایی هاتنی فەرمیی بەرجام و کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە ئەم دەرفەته زێڕینەی به خامنەیی و ئامێری پڕوپاگەندەی بەیتی ڕێبەڕی ڕێژیم دا هەتا به هێرشکردنه سەڕ حەسەن ڕوحانی و جەواد زەریف و سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی سەرۆککۆماریی، ڕوحانی وەک تاوانباری سەرەکی بارودۆخی ئیستای ئیران بناسرێت!
هێرشێکی هەمەلایەنە کە تەنانەت گوێزرایەوە بۆ کۆبوونەوەکانی نوێژی هەینی لە زۆربەی شارەکان و لە کۆتاییدا گەیشتە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ڕێژیم، کاتێک پێشکەشکارێکی سادەی تەلەفزیۆنی هێرش دەکاتە سەر بەرجام و ئاکامەکەی و تەحەدای ڕوحانی و زەریفی دەکات و داوا دەکات لێپرسینەوەیان لێ بکرێت!
دۆخی ناسک و ناسەقامگیری دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، خراپی باری جەستەیی خامنەیی، کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی ئابووری لە لایەک و تەقینەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە لایەکی دیکەوە، ململانێی دەسەڵاتی لە نێو باندە تاوانکارییەکانی ناو ڕێژیمدا گەیاندووەتە لوتکە! لەم نێوەندەدا، هەرچەندە پێدەچێت گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی نەرم و بەردەست و دامەزراندنی حکومەتێکی میانڕەویی ئامادەی دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا، بەبێ گوێدان بە هەر شتێکی تر، ئایدیاڵ و خواستی ئامریکا و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بێت، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە تووڕەیی ساڵیان لە قوڕگداماویی گەلانی ئیرانی، کە بە هۆی ساڵانێک سەرکوت، زیندانیکردن و کوشتنی هەر دەنگێکی جیاواز و نەیار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک سڵاوێکی بێکۆتایی لە پشت دیواری بەنداوێک سجن کراوە، بێجگە لە لەنێوبردنی ئەم ڕێژیمە و تا سڕینەوە وپاککردنەوەی هەموو ئاسەوارەکانی، هێور نابێتەوە.
نە ڕواڵەتی تاڕادەیەک ڕێک و پاک و خاوێن و نە پڕوپاگەندەی گاڵتەجاڕی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری ناتوانێ بیری بۆگەن و کۆنەپەرستانە و دەرونی نامرۆڤانەی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی چی تر بشارێتەوە، هیچ کام لەم ڕووبازی و پێست گۆڕینانە لە چاوی خەڵکی ئێراندا هیچ گرنگییەکی نەماوە. هەر شتێک بە هەر شێوەیەک پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە یان هەیە، مەحکوم بە لەناوچوونە. لە چاوی خەڵکی ئێران ئەمە ململانێی دەسەڵاتە لە نێوان چەند گروپێکی تاوانباری ماوەبەسەرچووە! بەرازی سەوز یان ڕێویی وەنەوش، چیرۆکێکی دووپاتەیە کە ئیتر هیچ لایەنگرێکی نیە! ڕەنگگەڵێکی جیاواز بۆ ڕازاندنەوەی ڕوخسارێکی نەخۆش و لاواز و دەرون بۆگەن و شاردنەوەی جەوهەری دەسەڵاتێکی تاوانبار و مرۆڤکوژ!
نە جوانکاری لە ڕووکار دەتوانێت چی تر جەستەی لەکارکەوتووی کۆماری ئیسلامی بشارێتەوە و نە ئەم بناغە لەرزۆکەی کە کۆماری ئیسلامی لە سەر دامەزراوە چاکسازی هەڵدەگرێت!
کۆماری ئیسلامی دەبێت بڕووخێت!