
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان لە شاری برێمن خۆپیشاندانێکی گەورە لەلایەن چالاکانی ئاڵمانی و کوردەکانەوە بەڕێوە چوو.
لەو خۆپیشاندانە کە بەبۆنەی سێهەمین ساڵی تێرۆری شاری هاناو ڕێک خرابوو، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سەر بە حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەشدار بوون و "شەهریار نەقشبەندی"، ئەندامی حیزبی دێموکرات، بەو بۆنەوە قسەی کرد.
ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە پەرەسەندنی مەترسیی ڕەگەزپەرستی لە جیهان و بە تایبەت جینایەتی فاشیستیانەی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوە و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران کرد.
نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شۆڕشی ژینا وەک چەمکێکی گرینگ لە دژی ڕەگەزپەرستیی کۆماری ئیسلامی دا کە خەڵکی ئێران و گەلانی زوڵملێکراو بە شێوەیەکی گشتگیر و فرەڕەهەند لە پێنج مانگی ڕابردوودا درێژە بە ڕاپەڕینی خۆیان دەدەن.