لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لانیکەم ٦ کەس بە ناوەکانی مەجید میرزایی، موجتەبا سەعیدی، محەممەد چراغی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، زەبیحوڵڵا جەمادی و سامان مورادیوندان دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی خەڵکی ئاودانان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەسبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر "ئایەت عارفی نیا" و "سەجاد مورادی وەندان" هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
دوابەدوای ئەوە هێزەکانی ڕێژیم ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندان دەستیان بە ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی ئەو شارە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و بەو هۆیەوە ٦ کەس لە لاوانی ئەو شارە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
جێگەی ئاماژەیە کە "مەجید میرزایی" و "مجتەبا سەعیدی" ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندان دەسبەسەر کراون و "سامان مورادی وەندان، محەممەد چراغی، زەبیحوڵڵا جەمادی و ئەمیر حوسێن نامدارپوور" ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندان دەسبەسەر کراون.