کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری خالید عەزیزی لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئۆکراین لە واشنگتۆن

14:09 - 14 رێبەندان 2722

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕەحیم ڕەشیدی، رۆژنامەوان و ئەندامی ئەنستیتۆی گوڵد بۆ کاروباری ستراتیژیی نێونەتەوەیی، لە واشنگتۆن لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئۆکراین کە لە بوارەکانی لابیکردن بۆ ئۆکراین، کۆکردنەوەی یارمەتی و پاکردنەوەی مین لە ئۆکراین چالاکن، کۆ بوونەوە.

سەرەتا شاندەکەی ئۆکراین خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە دەربڕی و سپاسی سۆز و پشتیوانیی کوردستانییان لە خۆڕاگریی خەڵکی ئۆکراین کرد، هەروەها ئاماژەیان بە سیاسەتەکانی ئێران لە بواری پەرپێدان بە تێرۆریزم و ناردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ ڕووسیە لە دژی خەڵکی ئۆکراین، کرد.

خالید عەزیزی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە پێویستیی پشتیوانیی خەڵکی هەر دوو وڵات لە یەکتر کرد و خۆڕاگریی ئۆکراینییەکانی بۆ بەرگری لە ماف و خاک و وڵاتەکەیان بەرز نرخاند و هیوای خواست بە سەرکەوتنی ئەوان خەڵکی ئێران و کوردستان بتوانن بە پشتیوانیی نێونەتەوەیی، بەسەر کۆماری ئیسلامیدا زاڵ بن.

لەو کۆبوونەوەیەدا دوو لایەن بۆ هاوکاریی بەردەوام و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کۆمەڵێک پێشنیاریان تاوتوێ کرد.

ئەوە یەکەمین جارە شاندێکی خاوەن پێگەی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە فەرمی لەگەڵ ئۆکراینییەکان کۆ دەبێتەوە و بڕیار دەدەن پێکەوە دژی دیکتاتۆری و تێرۆریزم، کاری هاوبەش بکەن.

هەروەها شاندی ئۆکراینی بە فەرمی دەعوەتیان لە حیزبی دێموکرات کرد کە سەردانی ئۆکراین بکەن و وێڕای دیدار لەگەڵ بەرپرسانی وڵات، چاویان بە "زیلینیسکی"، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە  بکەوێت.