کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری خالید عەزیزی لەگەڵ "سام براونباک" لە واشنگتۆن

14:12 - 14 رێبەندان 2722

خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکرات و ڕەحیم ڕەشیدی، ڕۆژنامەوان و ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ کاروباری ستراتیژیی نێونەتەوەیی، لە واشنگتۆن لەگەڵ "سام براونباک"، دامەزرێنەر و سەرۆکی لووتکەی نێونەتەوەیی ئازادیی ئایین، کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا شاندەکە باسێکیان لەسەر دوایین هەلومەرجی کوردستان، ئێران و ناوچە هێنایە بەرباس. خالید عەزیزی هەروەها سەبارەت بە زێدەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش بە سام براونباک کرد.

 وتەبێژی حیزب لە قسەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی عێراق و ناوچەکە کرد و لەم پێوەندییەدا داوای لە براونباک کرد کە توانا و دەسەڵاتی خۆی بەکار بێنێت تاکوو باشتر پێشلێکارییەکانی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ بە گشتی و سەرکوتی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا لەقاو بدرێت.

 سەرۆکی لووتکەی نێونەتەوەیی ئازادیی ئایین وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارە، ڕایگەیاند کە پێیان خۆشە سەبارەت بەو بابەتانە لە پێوەندیدا بن و پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن و هاوکات دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران بە کارەسات ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە شۆڕشی ژینا دەرخەری ویستی ئاڵوگۆری بنچینەیی لە ئێرانە و پێویستە جیهان پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری بکات.