کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەریعەتمەداری: دەبێ حیزبی دێموکرات دەستپێشخەری بکات و لایەنەکان لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە

12:41 - 6 رەشەمه 2722

کاک خالید عەزیزی، وتەبیژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حەسەن شەریعەتمەداری، سکرتێری شۆرای گوزار، لە بەرنامەی ''کەندوکاو'' لەسەر ''ئایا ئۆپۆزیسیونی دژبەری ڕێژیمی ئێران بەرەوە هاوپەیمانییەکی سیاسی دەڕۆنە پێش''، بەشدار بوون کە حەسەن شەریعەتمەداری وتی، دەبێ حیزبی دێموکرات دەسپێشخەری بکات و لایەنەکان لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە و ئاڵتێرناتیڤ دروست بکرێت.

لەو وتووێژەدا کە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕەشەمە بەڕێوە چوو، کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات وێڕای ئاوڕدانەوە لە یەکگرتوویی گەلانی ئێران و دروشمەکانی خەڵک لە شۆڕشی ژینا، باسی لەو کرد کە دەبێ هاوپەیمانی و ئاڵتێرناتیڤسازی لە ڕاستای پشتبەستن بە داواکارییەکانی خەڵک و جێگیرکردنی دێموکراسی و وەلانانی ناوەندگەرایی و بەشداریی هەموو گەلانی ئێران و یەکتر تەحمولکردنی هێزە سیاسیەکان بڕاوتە پێش.

لەو وتووێژەدا حەسەن شەریعەتمەداری، سکرتێری شۆرای گوزار لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دەبێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستپێشخەری بکات و بێتە مەیدان و لایەنەکانی دیکە بانگ بکات و لە کۆنفڕاسێکدا بۆ یەکگرتوویی، باس لە کێشەکان بکەن کە چۆن دەتوانن چارەسەری بکەن.

ناوبراو باسی لەوە کرد، لە ئێستادا فرەچەشنی لە ئێران بۆ زۆربەی لایەنەکان سەلمێندراوە و چەند کەسی ناسراو ناتوانن نوێنەری هەموو ئیتنیک و کۆمەڵگەی ئێران بن، بۆیە دەبێ هەموو لایەنێک بۆ ڕێککەوتن لەسەر داهاتووی ئێران بەشدارییان هەبێت.

کاک خالید عەزیزی لە درێژەی ئەو وتووێژەدا باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە باوەڕیان بە دێموکراسی، ناناوەندگەرایی و سێکۆلاریزم هەیە و گەڕانەوە بۆ سەر سیستمی حکومڕانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە، خاڵی هاوبەشی زۆری هەیە و بۆ یەکگرتوویی لە داهاتوودا بەربەستێکی وا نابینێت.

ناوبراو لەسەر بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە وتی کە سپای پاسداران تەنیا کەرستەیەکی ئەمنییەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و لە ڕاستیدا ئەوە خودی کۆماری ئیسلامییە کە ڕێژیمێکی تێرۆریستییە و نابێ بە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێتاوان نیشان بدرێت.