کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارلمانی نۆروێژ کۆمیتەی دۆستایەتیی کورد و نۆروێژی ڕاگەیەندرا

17:22 - 6 رەشەمه 2722

لە پارلمانی نۆروێژ کۆمیتەیەک بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد و بەدواداچوون بۆ ڕووداو و پرسەکانی تایبەت بە کوردستان ڕاگەیەندرا و شەش حیزبی گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتی نۆروێژ تێیدا ئەندامن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕەشەمە، لە کۆبوونەوەیەک لە پارلمانی نۆروێژ، بە دەستپێشخەری و سەرپەرستیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، شەش حیزبی سیاسیی ئەو وڵاتە "کۆمیتەی دۆستایەتیی کوردی و نۆروێژیـ"ـیان ڕاگەیاند و خاتوو "کامزی گوناراتنام "، پارلمانتار لە پارتی کرێکاران بە سەرۆکی ئەو کۆمیتەیە هەڵبژێردرا.

لەو کۆبوونەوەدا پلان و ئامانجەکانی ئەو کۆمیتە خرایە ڕوو و ڕاگەیەندرا کە دەرگا بۆ سەرجەم پارلمانتارانی پارلمانی نۆروێژ بۆ ئەوەی پەیوەست بەو کۆمیتەیە بن، کراوەیە و پشتیوانی لە ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بکەن.

هاوکات چوار کەسایەتی و چالاکی سیاسیی کورد، هەریەک لە پارچەیەکی کوردستانەوە بۆ باسکردن لەسەر پارچەکانی کوردستان بانگهێشت کرابوون کە یەک لەو کەسایەتییە سیاسییانە، عەبدوڵڵا حیجاب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو.

کوردکاناڵ وەک تاکە میدیای کوردی کە بە فەرمی بۆ ئەو کۆمیتەیە بانگهێشت کرابوو، لە پێوەندی لەگەڵ ئامانج و بیرۆکە و چۆنیەتیی پێکهێنان و سیاسەت و چوارچێوەی کاریی ئەو کۆمیتەیە، چەند پرسیارێکی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک لە پارلمانتارانی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی ئەو کۆمیتەیە کردەوە.

سەحەر ئایدار، کچە کوردی پارلمانتار لە پارتی سوور، سەبارەت بە شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و ڕۆڵی کورد لە داهاتووی ئێراندا قسەی کرد و هەروەها باڵیوزخانەی کۆماری ئیسلامی لە نۆروێژی بە بنکەی سیخوڕی ناو برد.

هەروەها پارلمانتار "مانی حوسێنی" لە پارتی کرێکاران، سەبارەت بە ئامانجی ئەو کۆمیتەیە وتی: "ئامانجی سەرەکیی ئەو کۆمیتەیە ئەوەیە کە زانیاریی زیاتر لەسەر پرسی کورد بدەن و ئەو پرسە لە پارلمان بورووژێنین و باسی لەسەر بکەین. "

ئەو حیزبانەی کە لەو کۆمیتەیەدا ئەندامن بریتین لە: "پارتی کرێکاران، پارتی سۆسیالیستی چەپ، پارتی سوور، پارتی چەپی (لیبراڵ)، پارتی مەسیحی و پارتی پێشکەوتن و گەشەکردن."