کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی کوردستانییان و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا

10:47 - 7 رەشەمه 2722

کوردستانییان و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە شەممەیەکی دیکەدا، بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە، هاودڵی و پشتیوانیی خۆیان لەگەڵ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی و داوای پشتیوانیی جیهانییان لە خەڵکی ئێران کرد.

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، وەکوو هەموو شەممەیەک لەلایەن كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران و نیشتەجێ لە وڵاتی کانادا، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو و كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران لە بەڕێوەبەرانی سەرەکیی ئەو خۆپیشاندانە بوو.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەلایەن "فائیزە نەوزاد" خوێندرایەوە. ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی لە ئێعدام و گرتنی خەڵک لە نێوخو لەلایەن هێزە سەركۆتكەرەكانی ڕێژێمەوە كرد.

هەروەها کۆمەڵێک لە خەڵکی ڕووسیە بۆ مەحكوومكردنی ڕووسیە و ئێران کە سیاسەتی شەڕەنگێزانە لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەبەن و لە داگیركردنی ئۆكراین هاوکاری یەکترن، بە بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا پێشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەرینی ژینا نیشان دا.

هاوکات لە بریتانیا ڕەوەندی کورد بە مەبەستی پشتیوانیی زیاتر لە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری لەندەن خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەکە سەرەتا لەبەر دەرکی دەزگای ڕاگەیاندنی ''بی‌بی‌سی'' دەستی پێ کرد و خۆپیشاندەران بە دروشمدان بەرەو ناوەندی شاری لەندەن وەڕێ

کەوتن. لەو خۆپیشاندانەدا زۆرێک لە ئوکراینییەکانی دانیشتووی شاری لەندەن بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بوون.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن "مینا سوارە" بە زمانی فارسی خوێندرایەوە.

هەروەها لە چەندین وڵاتی وەکوو ''گورجستان، ئیسپانیا، نیوزلەند، سوید، فینلاند و ئاڵمان" دژی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.