کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئاودانان، مانیان لە خواردن گرت

10:13 - 8 رەشەمه 2722

چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاودانانی ئیلام کە لە کاتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵات لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بەدەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، چوار بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئاودانانی ئیلام بناوەکانی "ئەمیرحوسێن نامدارپوور، سامان مورادی وەندان، سەجاد مورادی وەندان و پەیمان یاسمی" کە لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە.

ناوبراوان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە و تەنانەت زیاتر لە ٤٨ کاتژمێرە ئاویشیان نەخواردووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش قەتڵی حکوومەتی و بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و دەسپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان بەبێ هۆکار هەڵدەکوتنە سەر چالاکان و خەڵکی مەدەنیی کوردستان و دەسبەسەریان دەکەن.