کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا لە هامبورگی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

10:24 - 8 رەشەمه 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی هامبورگی ئاڵمان، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

ئەو خۆپیشاندانە بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و هەروەها کۆمەڵێک تێکۆشەری کورد و باقیی نەتەوەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد. پاشان "یەدی بەلەدی" مەنشووری خۆپیشاندانەکەی پێشکەش کرد.

دواتر دوکتور "کیانی" وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە خەبات و فیداکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات و نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی زۆرترین نرخیان داوە.

لەو خۆپیشاندانەدا "ڕێبوار حوسێنی" پەیامی زیندانییانی سیاسیی کوردستانی پێشکەش کرد. هەروەها "بێهزاد کارساز" پەیامی کۆمیتەی باکووری ئاڵمانی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد و باسی لە شۆڕشی ژینا و خەباتی گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ئێران کرد.

لەنێوان بڕگەکاندا ئامادەبووان بە وتنەوەی دروشم بە زمانی کوردی و فارسی و ئاڵمانی هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ناوخۆی کوردستان و ئێران دووپات دەکردەوە.