کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەهۆی قووڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا

17:46 - 8 رەشەمه 2722

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمە، مێرساد دەرویشی، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بەهۆی قووڵیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان گیانی لەدەست دا.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕەشەمە، ئەو کۆڵبەرە وێڕای ٥ کۆڵبری دیکە لە ڕێگای جۆانڕۆ بۆ پاوە لە نزیک شوانکارە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ بە توندی بریندار ببوو.

مێرساد دەرویشی کوڕی عەلی خەڵکی گوندی ''کانی دانیاڵ'' سەر بە شاری سەلاسی باوەجانییە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێک بە ناوی فەردین ڕۆستەم‌نژاد، خەڵکی گوندی ''شمشێر'' سەر بە شاری پاوە، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار کرا.

هێزەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە مەودای نزیکەوە ئەو کۆڵبەرە ٢٥ ساڵەیان داوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ.

ئەو کۆڵبەرە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.