کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام سزای بەندکران، لێدانی قامچی و قەدەغەی چوونە دەرەوە لە ئێرانیان بەسەردا سەپێندرا

09:51 - 15 رێبەندان 2722

مەهدی سادقی و فەرزانە سەیدی، دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلی کورد دژی ڕێژیم، سزای بەندکران، لێدانی قامچی و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، مەهدی سادقی، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ئیلام بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەلیڕەزا هیمەتی‌زادە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگای دروستکردنی بشێوی و جەنجاڵی" سزای ٦ مانگ بەندکران، ٧٤ جار لێدانی قامچی و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوەی لە وڵات بەسەردا سەپێندرا.

ئەو لاوە تەمەن ٢٣ ساڵەی خەڵکی شوهان سەر بە مەلەکشای، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئیلام لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە فەرزانە سەیدی، خوێندکاری زانکۆی ئیلام، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە سزای ٢ ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، ٢٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی، دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکەی بەسەردا سەپێندرا.