کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارلمانی هولەند دیبەیتێک لەسەر شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو

10:24 - 15 رێبەندان 2722

ڕۆژی پینجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە پارلمانی ھولەند بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو حیزبەکانی ئەو پارلمانە، دیبەیتێک لەسەر شۆڕشی ژینا و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو.

ئەم دیبەیتە لەلایەن نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتی ھولەند بەڕێوە چوو و یەکێک لە وتەبێژەکانی خاتوو بێری شەڵماشی بوو کە لەم دواییانەدا بۆ ئامادەکردنی ڕێپۆرتاژێک لەسەر حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان سەردانی باشووری کوردستانی کردبوو.

خاتوو بێری شڵماشی لە قسەکانیدا بە شێوەیەکی تێروتەسەل باسی لە ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و ئاوڕێکی لە کارتێکەریی ڕاپەڕینی کوردستان لە دوای شەھیدکرانی ژینا ئەمینی دایەوە و باسی لە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' کرد کە بووەتە دروشمێکی جیھانی.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بنکە و بارەگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و قوتابخانە و شوێنی ژیانی خەڵکی ئاسایی بە مووشەک کردووەتە ئامانج.

بێری شەڵماشی باسی لەوەش کرد کە لە سەردانی بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لەگەڵ چەند کەسێک کە ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندانەکان بەشدارییان هەبووە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار ببوون، چاوپێکلەوتنی هەبووە.

ناوبراو هەروەها باسی لە کوشتاری کۆڵبەران لەسەر سنوورەکانی کوردستان کرد.