کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی حیزبی دێموکرات و جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی کۆ بوونەوە

10:54 - 15 رێبەندان 2722

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات و ڕەحیم ڕەشیدی، ڕۆژنامەوان و ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ کاروباری ستراتیژیی نێونەتەوەیی، لە واشنگتۆن لەگەڵ "جان بوڵتۆن"، ڕاوێژکاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا شاندەکە باسێکیان لەسەر دوایین هەلومەرجی کوردستان، ئێران و ناوچەکە هێنایە بەرباس و خالید عەزیزی، سەبارەت بە زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش بە جان بوڵتۆن کرد.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە قسەکانیدا وێڕای باسێکی هەمەلایەنە لەسەر پرسەکانی ناوچەکە، بە گشتی لەسەر شۆڕشی ژینا و هەلومەرجی نێوخۆیی ئێران پاش شۆڕشی ژینا قسەی کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مووشەکبارانی کەمپەکانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور کرد. هەروەها داوا لە "جان بوڵتۆن کرا کە توانا و دەسەڵاتی خۆی بەکار بێنێت تاکوو باشتر ناوەڕۆکی شەرئەنگێزانەی ئێران لەقاو بدرێت.

سەرۆکی دامەزراوەی ئەمریکا بۆ ئاسایش و ئازادی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارە، ڕایگەیاند کە پێیان خۆشە سەبارەت بەو بابەتانە لە پێوەندیدا بن و پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن و هاوکات بە توندی ڕەخنەی لە لاوازیی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە شۆڕشی ژینا دەرخەری ویستی ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لە ئێرانە و پێویستە جیهان پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری بکات. هەروەها پێشنیاریشی کرد کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێکەوە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیەتییەک بدەن.

لەو دانیشتنەدا دوو لایەن بڕیاریان دا لە داهاتوودا درێژە بە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان بدەن.

جان بوڵتۆن پێشتر نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و هەروەها ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بوو و ئێستا سەرۆک و دامەزرێنەری دامەزراوەی ئەمریکا بۆ ئاسایش و ئازادییە.