کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤی ئێران: هێزەکانی ڕێژیم بە شێوەی سیستماتیک و ئامانجدار تەقەیان لە چاوی خۆپیشاندەران کردووە

11:29 - 15 رێبەندان 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەموچاوی خۆپیشاندەران، ڕایگەیاندووە کە ئەو هەوڵەی هێزەکانی ڕێژیم سیستماتیک و ئامانجدار بووە.

ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لەسەر ئەو ئەساسەیە کە برینداربووانی ڕاپەرینەکانی ئەم دواییانە وتوویانە کە هێزەکانی ڕێژیم بە شێوەی ئامانجدار سەر و چاوی ئەوانی نیشانە گرتووە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لەوە کردووە کە تەقە لە دەموچاوی خۆپیشاندەران لە چەند مانگی ڕابردوودا لە زۆربەی شارەکانی ئێران ڕووی داوە و کۆی ئەو حاڵەتانە ئەگەری سیستماتیکبوونی ئەو هەوڵەی هێزەکانی ڕێژیم زیاتر دەردەخات.

ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافە مرۆییە دوای سێ ڕۆژ لە قسەکانی حەسەن کەرەمی، فەرماندەی یەگانی تایبەتی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاو بووەتەوە کە ئیدیعای کردبوو کە هێزەکانی ڕێژیم هیچ تەقەیەکیان لە دەموچاوی خۆپیشاندران نەکردووە و هەڵسوکەوتی ئەو هێزانە لەگەڵ خۆپیشاندەران کارامە و بەبێ تێچوو بووە.

ئەو قسانەی فەرماندەی یەگانی تایبەتی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە بە دەیان ڤیدیۆ لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاو بووەتەوە کە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران و تەنانەت لە ژن و منداڵان دەکەن.