سۆران عەلیپوور
لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا چاوم دەکەوێتە سەر کورتەڤیدیۆیەکی خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە سنە، ئەوان لەبەردەم دەروازەی زانکۆ کۆبوونەتەوە و کچ و کوڕ خرۆشاون و پڕ بە گەروو هاوار دەکەن: "ئێمە ڕۆڵەی پێشەواین، بۆ کوردستان گیانفیداین." هەر بە ڕێکەوت دروشمێکی خومەینییش بە ڕەنگی ڕەش و فۆنتی نەستەعلیق لە سەرەوەی ڤیدیۆیەکە دەردەکەوێت." دانشگاه مبدا همەی تحولات است." وێنەی خامنەیی و خومەینیش لە هەردوو سەری دروشمەکە دراوە.
یەکدەنگی و هاوئاهەنگییەک لە جووڵە و دروشمدانیاندا، ورە، ژیاندۆستی و ژندۆستی، ئیرادەی گۆڕانخوازییەک کە لە دەنگ و هاواری خوێندکارەکان و کۆبوونەوەکەیان دەبینرێ و هەستی پێ دەکرێ لە دژایەتییەکی تەواودایە لەگەڵ ئەو مەتڕیاڵە بێگیان، بێناوەرۆک و ڕەشەدا، کە لە ترسی هێنانەخوار و خراپکردنی لە بەرزاییەکی جێگەی تێڕامان هەڵواسراوە، دوو پیاو بە هۆوییەتێکی زۆر بەرتەسکی ئایینی و لە چوارچێوەی پێناسەیەکی ئیدۆلۆژیکدا ڕاست و چەپی بێنەرەکەیان گرتووە و لەوێوە دەیانەوێ ئامادەیی خۆیان بەرهەم بێننەوە، لەوەش گەڕێین کە ئەو قسەیەی خومەینی چەندە کلێشەییە و مەبەستیشی لە گۆڕانکاری چ بووە؟ بە دڵنیاییەوە ئەو گۆڕانکارییانە نین کە لە ناوەندەکانی خوێندنەوە بانگەشەیان پێ دەکرێ، ئەو ناوەندانەی کە جێگەی هومێدی کۆماری ئیسلامی بوون، نەوەیەکیان بەرهەم هێناوە کە گۆڕانخوازییە کلێشەیی و ئاراستەکراوەکانیان بەدژی هەمان ڕێژیم کردووە بە گۆڕانکاری ڕادیکاڵی مەبەستدار.
هەمان دروشم " ئێمە ڕۆڵەی پێشەواین، بۆ کوردستان گیانفیداین." لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەکوترایەوە،ئێستا کە لە سەروبەندی یادکردنەوەی دامەزرانی کۆماری کوردستان داین، گرینگە چاوێک بە ئەڵقەکانی ئەو زنجیرەدا بخشێنین کە ساتەوەختی بەردەم دەروازەی زانکۆی سنە و کۆمەڵێک خوێندکاری خۆپێشاندەر ٧٧ ساڵ دواتر بە مەیدانی چوارچرای مهابادەوە لێک گرێ دەدات. هاوئامانجی و ئاماژەی نەوەی نوێی "کۆمارەکان" بە کۆماری کوردستان نە بە ڕێکەوتە و نە تەنیا دروشمێکیشە، ئەگەر کۆمار لە نووسینە مێژووییەکاندا بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسی دادەنرێ، ئەوا لەلای نەوەی "کۆمارەکان" بە نموونەیەکی دێموکرات و مۆدێرن لە حوکمڕانی و ئیدارەکردن ئەژمار دەکرێ، کە تەواو لەگەڵ دروشم و داخوازییەکانی ئەوڕۆی خەڵکی کوردستان تەبایە و هەربۆیەش بەڕوونی کۆمار بە سەرچاوە و ئاخێزگە دادەنێن.
ئەو پارادۆکسی گوتارە کە لەو کورتەڤیدیۆیە و زۆربەی ڕووداوەکانی دوایی و ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردی دەبینرێت، وێنەیەکی بچووککراوەی ناتەباییەکی گەورەتری دوو دنیابینی و وێژمانە کە هەم لە سەردەمی کۆماردا و هەم لە ڕۆژگاری کۆمارەکاندا و لە فۆرمی جیاوازدا و بە نێوەرۆکێکی ڕادەیەک لێکنزیک، لە بەرامبەر یەکتردا ڕاوەستاون. دنیابینییەک کە دیدێکی کۆلۆنیالیستیانەی بۆ خاک و دانیشتووانی کوردستان هەیە، لە ئاست دونیابینییەک کە خەونی ئازادی و گەیشتن بە مافە سروشتی و مرۆییەکانی لە سەرووی داخوازییەکانیدا جێ کردۆتەوە.
گرینگیی پەیام و دەسکەوتەکانی کۆمار لەو ڕۆژانەدا زیاتر لە هەمیشە هەستی پێ دەکرێ، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی گڵۆڵەی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە لێژی و شاهیدی زیاتر لە چوارمانگ ڕاپەرینی خەلکی ئێرانین، بەڵکوو لەبەر ئەوەش کە دووبارە و چەندجارە دەنگی پێی ئەو وێژمانە ناوەندگەرا و داپلۆسێنەرە دەبیستین، کە دەیەوێ ئێرانی داهاتوو بە شوناسێکی میللیی دیاریکراو ببەستێتەوە و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان، داخوازیی نەتەوەکانی ئێران بە وڵامی کلێشەیی لەپێشدا "هێز" دوایە "ماف" وڵام بداتەوە، کۆنسێپتێکی ئەزموونکراو کە یەکێک لە هۆکارەکانی دامەزراندنی کۆمار ڕێک کاردانەوەیەک بوو بەو سیاسەتە پاوانخواز و نێوەندگەرایە. ڕەزاشا لە ڕێگەی سانترالیزمی سیاسی و ئیدارییەوە هەوڵی دروستکردنی شوناسێکی ئێرانی داتاشراوی بۆ خەڵک و نەتەوەکانی ئێران دەدا، ئەو سیاسەتی پەراوێزکردن و خستنەدەرەوە ( (Exclusionلەسەر بنەمای سڕینەوە و شێواندنی شوناس، کولتوور و مێژووی ئەوانیدیکە داڕێژڕابوو.
کۆنسێپتی نەتەوەی باڵای پەهلەوی حاشای لە فرەهۆوییەتی و پلۆرالیزمی فەرهەنگی دەکرد و بێجگە لە برەودان بە کولتوور و زمانی فارسی، پرۆژەی ئاسیمیلەکردن و بە لۆکالی ناساندنی فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی خستە بەرنامەی خۆی، ئەو سیاسەتە هاوکاتە لەگەڵ پڕۆژەی بە مۆدێرنکردنی ئەرتەش و وەگەڕخستنی ماشێنی زەبروزەنگی حکومەتی ناوەندی. لە ژێکاف و پاشان لە کۆماری کوردستانیشدا کاردانەوە بە سیاسەتی هێژموونی و کۆنسێپتی تاکە هۆوییەتی پەهلەوی بەڕوونی دەبینرێت. لە بڵاوکراوەی "نیشتمان" و ڕۆژنامەی "کوردستان"دا شوناسی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشی کوردان باسێکی گەرمی هەمیشەییە، قازی محەممەد لە نوتقێکدا کە لە ژمارە ١٠ی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ دا بڵاو کراوەتەوە، زۆر بەڕوونی ئاماژە بە پرسی شوناسی نەتەوەیی، زمانی زگماک و چەمکی دێموکراسی دەکات: "لەو دواییانەدا لەپاش شەڕی بەینولمیلەلی پێشووەوە کە حکومەتی ئێران و تورکیە هاتنەسەر کار و زمان و عادات و مەزهەب ڕسووماتی میللیی کوردیان بەجارێک لاواز و کز و کەنەفت کرد و لە هیچ وەحشییەت و دڕندەییەک ڕانەوێستان و خوێندن و نووسینی زمانی کوردی مەمنووع و پۆشینی لیباسمان قەدەغە بوو.")١)
بایەخ و بەها مێژوویی و سیاسییەکانی کۆمار تەنیا لە دەسکەوتی زۆر و تەمەنێکی کورتی پڕشنگداردا نییە، کۆمارێک کە بەرهەمی پێگەیشتوویی و وشیاریی سیاسیی کورد بوو، حەفتاوحەوت ساڵ دواتر لە قۆناغێکی دیکەی پێگەیشتوویی سیاسیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە بە سەرچاوە و ئاخێزگە. وێژمانی نەتەوەیی، مەدەنی و دێموکراتیکی کۆمار تێکەڵ بە داخوازی و دروشمە ئەوڕۆییەکانی خەڵکی کوردستان بووە، کۆماری کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆنسێپتی دەوڵەت نەتەوەی پەهلەویدا و مایەپووچبوونی سێنترالیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لە شوێنێکدا و لە دەستی کەمینەیەکدا ڕۆڵێکی دیاریکراوی گێڕا، نەوەی ئێستاش بۆیە خۆی بە ڕۆڵەی پێشەوا دەزانێ، چونکە دەزانێ پێشەوا و کۆمارەکەی بێ ئەوەی بە دەق لە شوێنێکدا ناویان لە ژن، ژیان، ئازادی بردبێ، بەڵام لە کردەوەدا و لە سیاسەتەکانیاندا هەم گۆڕانکاریی سیاسی و هەم ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتییان بەهەند وەرگرتبوو، ئەو نەوە هۆشیارە بە ئاماژە و کۆدەکانی پشت ئاخاوتنی ناوەندگەراکان، چ ئەوانەی هۆوییەتی مەزهەبی دەگشتێنن و چ ئەوانەش کە بانگەشەی یەکشوناسی و یەکپارچەیی دەکەن.
بزووتنەوەی سیاسی و وشیاری سیاسی لە بەستێنی ناتەباییەکانی نێوان وێژمانی خەڵکی کوردستان و دنیابینی کۆلۆنیالیستانەی حکومەتی ناوەنددا لەدایک بووە، تا ئەو ناتەبایی و پارادۆکسە قووڵتر بێت و ڕۆڵی ناوەند/پەراوێز ڕۆڵێکی هیرارکی ستەمگەرانە بێ، ئەوا پانتایی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان فراوانتر و ڕادیکالتر دەبنەوە. ئەوە خاڵێکی هاوبەشی نێوان کۆماری کوردستان و "کۆمارەکان"ی سەرشەقامیشە.
***
١) ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ١٠، ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.