کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای سێ ساڵ بەندکران بۆ یەکەمین جار مەرەخەسی پێ درا

17:19 - 28 رەزبەر 2725

مامۆستا محەممەد خزرنژاد مامۆستای ئایینیی کوردستان و خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لە دوای سێ ساڵ بەندکران بۆ یەکەمین جار لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە نێردرایە مەرەخەسی.

بە وتەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەمپەینی ئازادی بۆ ئەو مامۆستایە، مەرەخەسیی مامۆستا محەممەد لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەرەوە دەستی پێ کردووە و  دوای ١٠ ڕۆژ لە تێپەڕبوونی مەرەخەسییەکەی لە ئەگەری پێداگریی ناوبراو لەسەر دووبارە درێژکردنەوەی ماوەکەی، مەرەخەسییەکەی بۆ جارێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە مەرەخەسیی ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە بە دانانی بارمتەی قورس و لە دوای ڕەزامەندیی بەناو دادستانی ڕێژیم لە سنە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا"، مامۆستا "محەممەد خزرنژاد"، مامۆستای ئایینیی گوندی "ناچیتـ"ـی شاری بۆکان، پێشتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕووحانییەتی شاری تارانەوە بانگهێشت کرابوو.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینی کە ٢٤ ساڵ پێشینەی پێشنوێژی و وانەوتنەوەی ئایینی لە کوردستانی هەیە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر ڕەوتی نادادپەروانەی دادڕەسی و سزای دەرکراو دژی خۆی، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانەوە مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خۆی بە بێبنەما زانیوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دۆسییەسازی دژی ئەو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی شەرعی و یاسایی باوەڕپێکراو و لەسەر ئەساسی ڕاپۆرتی بێ بنەما و دانپێدانانێک بووە کە جێگای باوەڕ نییە.

سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی ئەو مامۆستا ئایینییە کوردەی خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەریی ڕێژیم "عەلی ڕازینی" وەک خۆی پشتڕاست کرابوویەوە.

شایانی باسە پێشتریش  ٢٣٥ کەس لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننە مەزهەبی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی هێزی بەناو دادوەری و ئەمنییەتیی ڕێژیم، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەندامەتیی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە گرووپە توندئاژۆکان ڕایانگەیاند کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی مامۆستا محەممەد نادادپەروەرانە بووە و دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی حکوومەت بووە و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی دەبێ لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتدا بەڕێوە بچێت.