
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەی لە ئۆسڵۆیە، کۆبوونەوەیەکی بەرینی به بهشداریی بهشی زۆری لایهنهکانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و نوێنهرانی ههموو جهمسهرهکانی نێو ئهو ئۆپۆزیسیۆنه لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئۆکتۆبر لە "ناوەندی ئاکادێمیای زانست" ی ئۆسلۆ لەژێر ناوی "مافی مرۆڤ لهدوای کۆماری ئیسلامی" بهڕێوه برد.
لەسەرەتا دا بەڕێز مەحموود ئەمیری موقەدەم بهڕێوهبهری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای بەخێرهێنانی سەرجەم بەشداربووان و ئاماژه به بارودۆخی له ههموو کات خراپتری مافی مرۆڤ له ئێرانی ژێر دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، جهختی لهسهر ئهوه کرد که مەبەستی ئەم ڕێکخراوە لە ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە، پێکهێنانی ئێئتلاف یان هاوپهیمانییهک وهک ئاڵتێرناتیڤی سیاسی بۆ کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو بریتییه له دیاڵۆگی سەردەمیانە بۆ لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە سەرەکییەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لهپێناو هەرچی بەهێزکردنی پێگەی مافی مرۆڤ لە پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی.
ئەم کۆبوونەوە فرەچەشنییە یەکەم کۆبوونەوەی بەربڵاوی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییە کە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لەم ئاستەدا کۆ دەبنەوە. حیزب و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکانی بەشداری ئەم دانیشتنە لە چەندین پانێلی جیاوازدا ڕوانگەی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی ئێران و مافی مرۆڤ پێشکەش کرد.
ـ ئاسۆ حهسهنزاده نوێنهری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ یهزدان شۆههدایی وتهبێژی شۆرای مودیرییەتی گوزار
ـ عهبدوڵڵا موهتهدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ فوئاد پاشایی سکرتێری گشتیی حیزبی مەشرووتەی ئێران
ـ حهمید تهقوایی نوێنهری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران
ـ مههدیه گۆلڕوو نوێنهری یەکیەتیی کۆماریخۆازانی ئێران
ـ ناسر بولیدایی سکرتێری حیزبی خەڵکی بەلووچستان
ـ مۆنا سیلاوی نوێنهری حیزبی تەزاموونی دێموکراتیکی ئەهواز
ـ حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان یوونس شاملی
ـ ئیبراهیم عهلیزاده سکرتێری کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ـ ئیسماعیل عهبدی سکرتێری پێشووی کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێران
ـ شاهین مودەڕس، گروە همگرایی بحران
ـ هومایون مێهمهنش، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوەکانی بەرەی میللی ئێران له دهرهوهی وڵات
ـ شیرین عبادی، چالاکی مافی مرۆڤ
ـ مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران.
پانێلەکان و بابەتەکانی ئەم کۆبوونەوە بریتی بوون لە:
لە پانێی یەکەمدا ئاماژە بە حەفتە و مانگەکانی یەکەمی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، چارەسەری مافەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، ئاشتی گشتی و پێشگرتن لە ناسەقامگیری کرا. لەم بەشەدا بابەتەکانی وەک بۆشایی دەسەڵات، ڕۆڵی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و دەستەبەرکردنی کەرامەتی مرۆڤ لە بارودۆخە قەیراناوییەکاندا باسیان لەسەر کرا.
لە پانێلی دووەمدا تەوەری باسەکان لەسەر بەدامەزراوەییکردنی دێموکراسی و ڕێگریکردن لە دووبارە دروستبوونەوەی پاوانخوازی بوو.
لەم پانێلەدا بەدواداچوون بۆ ڕێگریکردن لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە سیستەمێکی پاوانخواز و دەستەبەرکردنی پێکهاتەیەکی سیاسیی دێموکرات بە شێوەیەکی شەفاف کرا.
بابەتەکانی وەک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، سەربەخۆیی دامەزراوەکانی دادوەری و چاودێری، ئازادی میدیا، و بەرپرسیارێتی دامەزراوە کاتییەکانی دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن کۆر گێرانەوە تاوتوێ کران. جێگای ئاماژەیە کە کاک ئاسۆ حەسەنزادە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چوارچێوەی ئەو پانێلەدا باسێکی پێشکەش کرد.
لە پانێڵی سێهەمدا باس لە مافی یەکسانی لە ئێرانی داهاتوو، فرە نەتەوەیی و زمانی و کولتووری لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا کرا.
تەوەری باسەکانی ئەم پانێلە بریتی بوون لە چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی ماف و بەشداریی یەکسانی هەموو نەتەوەکان بە زمانە جۆراوجۆرەکانی ناو ئێران، لە پێکهاتە سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان. گرینگی ئەم پانێلە لەسەر هەمەچەشنی و بەشدارییەکی دادپەروەرانە و بەهێزکردنی یەکیەتیی نیشتمانی لەسەر بنەمای دادپەروەری بوو.
پانێلی چوارەم لەسەر مافی سیاسی و ئازادی چالاکی بۆ جیابیران بوو.
لەم پانێلەدا بەدواداچوون بۆ پێویستیی دەستەبەرکردنی فەزایەکی ئازادی سیاسی بۆ چالاکییەکانی هەموو لایەنەکان لە قۆناغی دوای نەمای ڕێژیمدا کرا.
لەم پانێلەدا بابەتگەلێکی وەک کێبڕکێی سیاسیی تەندروست، کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی سیاسی، ئازادیی حیزب و ڕێکخراوەکان و پاراستنی مافی دەنگە ناڕازییەکان بە وردی باسیان لەسەر کرا.
جێگای ئاماژەیە لە ڕۆژی دووهەمی ئەم کۆبوونەوەیە، سەرجەم لایەن و کەسایەتییەکان بە دوور لە چاوی میدیا و لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا چۆنیهتیی درێژهدانی ئەم کۆبوونهوانه و ڕێگاکانی وهدیهێنانی لێکتێگهیشتنی زیاتری نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ لهبهرچاوگرتنی بنهماکانی مافی مرۆڤ لهدوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییان تاوتوێ کرد.