
کۆنفرانسی "مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی" کە لە ١٨ و ١٩ی خەزەڵوەردا لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە لە ئۆسلۆ بەڕێوە چوو، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی هات.
بەشداربووانی ئەو کۆنفرانسە وێڕای ئیدانەکردنی شەپۆلی بەربڵاوی ئێعدامەکان لە ئێران، دژایەتیی خۆیان بۆ سزای لەسێدارەدان ڕاگەیاند و پشتیوانیان لە کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" کرد.
لەو کۆنفرانسەدا کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، لەوانە شیرین عیبادی، ئاسۆ حەسەنزادە، عەبدوڵڵا موهتەدی، ئیبراهیم عەلیزادە، فواد پاشایی، حەمید تەقوایی، ناسر بەلیدایی، مەهدیە گۆڵڕوو، یەزدان شوهەدایی، هۆمایون مەهمەنێش، مونا سیلاوی، یوونس شاملی، ئیسماعیل عەبدی ئامادە بوون.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا ١٩ی ئۆکتۆبر، لانیکەم هەزار و ١٦٥ کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش زیاتر لە دوو بەرابەری ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوویە.
لە بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ناوچە پەراوێزخراوەکانی کردووەتە ئامانج. ژمارەی بەلووچەکان لەنێو کۆی ئێعدامەکاندا و ژمارەی کورد و عەرەبەکان لەنێو ئەوانەی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون، بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانیان زیاترە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە زۆر حاڵەتدا سزای لەسێدارەدان بەبێ ڕێکاری یاسایی و لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ دەردەچێت و مەبەستی سەرەکیشیان دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەیە.
بەشداربووان وێڕای دەربڕینی هاوپێوەندی لەگەڵ کەمپەینی " سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" داوایان لە خەڵک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان کرد دەنگی نەیارانی سزای لەسێدارەدان بڵاو بکەنەوە و هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێران بگرنە بەر.