کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووانەی گەندەڵی و کۆماری ئیسلامی

22:33 - 28 رەزبەر 2725

شەفیع ئاراستە

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی بەردەوامیی گەشەنەکردنی هەر وڵاتێک گەندەڵییە. لە وڵاتانی دیکتاتۆردا گەندەڵیی ئابووری سنووری ڕێکخراوبوونی بەزاندوە و بووەتە گەندەڵیی سیستەماتیک. ئەم ئاستە لە بەردەوامی و پێشکەوتنی گەندەڵی بۆ هۆکاری جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە.

دەسەڵاتداران بەپێی پڕاکتیکی ئاسایی خۆیان، لە سەرەتادا حاشا لە هەبوونی گەندەڵی دەکەن و دواتر تا ڕادەی قبووڵکردن دانی پێ‌ دادەنێن و ئەمەش دەری دەخات کە لە گرنگیی  پرسەکە تێ‌نەگەیشتوون، یان بەهۆی هۆگربوون بە پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیان، ئەو کەیسانەی کە لە داب و نەریتی جیهانیدا بە گەندەڵی دادەنرێن، لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە گەندەڵی نازانرێن، یان دیاردەیەکن کە بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان دەکرێ پشتگوێ بخرێن. لەکاتێکدا گرنگترین هۆکاری نێوخۆیی لە بەردەم گەشەپێداندا، گەندەڵییە. گەندەڵی لە حکوومەتدا بۆتە بابەتێکی ڕێکخراو، کە بە بانگەواز و ئامۆژگاریی ئەخلاقی وەک سەرانی ڕێژیم دەیکەن، چارەسەر نابێت و لە نەبوونی ئیرادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە کە لێپرسینەوە و چاوەدێری گرنگترینیانن، و وەک مۆرکە پێکهاتەی حکوومەت دەڕووخێنێت.

بۆیە دەبێت هەموو حکوومەتێک گەندەڵی بە پرسێکی جیددی وەربگرێت. بۆ نموونە: ئێستا ئێران کە لە ئاگربەستێکی دۆڕاو لە دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسڕائیل‌دایە، گەندەڵیی سیستەماتیک‌کراو، نەبوونی ڕەوایی، کارامەیی و لێهاتوویی لە ڕەهەندی نێوخۆیی، دابڕانێکی واتایی لەنێو دەسەڵات و خەڵکدا دروست کردوە. کەلێنی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات بەشێوەیەکە کە هەموو نۆرم و بایەخەکانی سیستەم لای جەماوەر بێ واتا دێنە بەرچاو، و ئەگەر بتوانێت شەڕ لە دەرەوی سنوورەکانیشی هێور بکاتەوە، بەڵام ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە بەهۆی گەندەڵی، ڕانتخۆری و... هتد کە بۆتە مۆتەکەی سەری ڕێژیم، دەربازبوونی لێی مەحاڵە.

ئاستی هەڵاتنی مێشکەکان، مامۆستایانی زانکۆ، پەرەستار، سەرمایەدار، گەنجان، ڕادەی خۆکوژی، تەڵاق و گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان و دەیان دیاردەی تر بۆ بوونی گەندەڵی سیستەماتیک لە دەسەڵاتدا دەگەڕێتەوە، لە بەرهەمەکانی گەندەڵیی سیستەماتیکن کە ڕێژیم خوڵقێنەریانە. گەندەڵی بەشێک لە سەرچاوەی داهاتی لە چەرخەی کاریگەر لەسەر ژیانی خەڵک بەفیڕۆ داوە و خزاندوویەتە گیرفانی گەندەڵکارانی ئابووری، کە سەرمایەیەکی زۆری سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە بە ناوی جیاجیا لە لایەن بەرپرسانی وڵات بەتاڵان دەبردرێت و بەشێوەی نایاسایی بەرپرسان مامەڵەی لەپێناو بەرژەوەندەییە شەخسییەکانی خۆیان پێوە دەکەن.

حکوومەت بۆ دابینکردنی دارایی باجی زیاتری خستۆتە سەر خەڵک و چالاکانی ئابووری یان سەرچاوە سەرمایەکانی سەر بە خزمەتگوزاریی خەڵکی خەرج دەکات، یان بە قەرزکردنی پارە لە بانکە نێودەوڵەتییەکان وادەکات نەوەکانی ئێستا و داهاتوو لە دوای نەمانی دەسەڵاتەکەیان بکەونە ژێر قەرزەوە و دواجار بەشێک لە پابەندبوونەکانی پشتگوێ دەخات بۆ ئەوەی داهات و خەرجییەکانی هاوسەنگ بێت. بەم جۆرە ئێستا ڕادەی هەڵاوسان سەروو ٥٠٪ و کۆی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری ڕاوەستاون، و کرێکاران بێکار بوونە. کارخانەکان کەرەستەی پێویستیان بۆ بەرهەمهێنان بۆ دابین ناکرێت، و دەرەنجام زۆرینەی کۆمەڵگە تووشی هەژاری هاتوون. بە جۆرێک کە بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە، دیاردەگەلی وەک مناڵفرۆشی، کارتۆن و ماشێنخەوی، جەستە‌فرۆشی بۆتە حاڵەتێکی باو لە کۆمەڵگەی ئێراندا. بۆیە گەندەڵی تێچووی بەڕێوەبردنی وڵات زیاد دەکات و زیان بە کەرتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەی گەیاندوە و پلانی گەشەپێدان هەر نەماوە، و دواجار داهاتووی کۆمەڵگەیان لەنێو بردوە. سروشتییە ئەو پرسانەی کە باسمان کرد، ناڕەزایەتیی گشتیی لێ دەکەوێتەوە. تێکچوونی ژێرخانی وڵات، وەک نەبوونی ئاو و کارەبا و... هتد. یەکێکە لە دەرەنجامەکانی کە ئەمڕۆکە لە سایەی سیستەمێکی نابەرپرسیار و سیاسەتە هەڵەکانیان بۆتە پرسێکی جیددی لە کۆمەڵگەی ئێراندا.

یەکێکی تر لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی گەندەڵی، بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیەیە؛ گەندەڵی ڕێگە خۆش دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی هەموو جۆرە بێ‌ ئەخلاقییەک و بناغەی ئەخلاقی حکوومەت و کۆمەڵگە لەناو دەبات. سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی پۆستی ڕێکخراوەیی و گەشەکردنی گەندەڵکارانی ئابووری لە حکوومەتدا وەک هاندەرێک بۆ ئەوانی دیکە کار دەکات و ئەمەش باشترین سیستەمی پڕوپاگەندەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەوکارە بێ ئەخلاقییە. ئاساییکردنەوەی گەندەڵی وای لێدەکات ڕەوا بێت و ناشیرینییە ئەخلاقییەکەی بەرچاو نەکەوێت. ڕادەی گەندەڵی لە حکوومەتێکدا و ئاساییکردنەوەی دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی گشتی. بۆیە ئەگەر ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی یان دۆسییەیەکی کراوەیان لە مێشکی گشتیدا هەیە، ئەوا سیستەمی سیاسی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و، لەم هەلومەرجەدا چاوەڕوانی ڕابوونی شەقام دژی ئەم بێدادی و گەندەڵییە، ئەگەرێکی کراوەیە. ڕەهەندەکانی کاریگەریی گەندەڵی لەسەر جەماوەر و ناڕازیبوونی جەماوەری دوو جەمسەری دەوڵەتە دیکتاتۆر و مێلیتاریستەکان لە چەشنی ئێرانن.

بۆیە سیستەم بە تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەم پرسانە، خوازیارە بۆشایی نێوان حکوومەت و جەماوەر ساڕێژ بکات و یەکێک لە گرنگترین ڕێوشوێنەکانیش وەک پێویستییەک و ئیرادەیەکی جیددییە، بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵی. بەڵام ئەو پەتایە سەراپای ساختار و سیستەمی ڕێژیمی داگرتوە و چارەسەرکردنی بەم لۆژیکە، مەحاڵێکی سەلمێندراوە.

بەو دۆخەی ڕێژیم لە ڕەهەندی گەندەڵی سیستەماتیک دروستی کردوە، چارەسەرکردنی ئەو هەمووە قەیرانەی کە لە داوێنی گەندەڵی سیستەماتیک وەدی‌هاتوون، ڕێژیم پێناسەی سیستەماتێکی داڕووخاوی بەخۆیەوە گرتوە، و بە فەلسەفەی چارەسەرکردنی قەیرانێک بە قەیرانێکی مەزنتر، بۆ داپۆشینی نەهامەتییە گشتییەکان، دواجار لە ئاکامی دەستەوەستانی بەڕێوەبەری لە ئاستی کۆمەڵگەدا، نەبوونی شەفافییەت، پەرەگرتنی گەندەڵی ماڵی، ئابووری، بەڕێوەبەری و... هتد، بۆشاییەکە زیاتر دەبێت و ناڕەزایەتی گشتیی سەرهەڵدەداتەوە. ئەمڕۆ گەلانی ئێران ترسیان شکاوە و تێگەیشتوون کە بۆ ڕزگاربوون لەو هەمووە نەهامەتییەی کە بەرۆکی ئەوانی گرتووە، پێویستە ڕێژیمە مافیا، گەندەڵ و ڕانتخۆرەکە لە دەسەڵاتدا نەمێنی و ڕێژیمێکی گەلی کە وڵامدەری ماف و کەرامەتی مرۆڤەکان بێت، جێگرەوەی بێت.