پاش ئەوەیکە مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانپەروەر پشتیوانیی خۆیانیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دەربڕی و سەرکوت، ئەشکەنجە و ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە مەحکووم کرد، هێزەکانی ڕێژیم لە ماوەی یەک مانگدا ١٥ مامۆستای ئایینی و نیشتمانپەروەریان لە کوردستان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاونیوز"، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ١٥ مامۆستای ئایینی و نیشتمانپەروەر بە ناوەکانی مامۆستایان "ئیبراهیم کەریمی، سابیر خودامورادی، لوقمان ئەمینی، سەیفوڵڵا حوسێنی، شەریف محەممەدپوور، فارۆق قادری، یاسر کەریمی، سەید جەماڵەدین واژی، حەسەن فەتحی، ڕەحمەت نسووحی، یوونس نەوخا، محەممەد خزرنژاد، سلێمان ئەحمەدی، حەسەن کووهی و ساحێب ئەحمەدی"، بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەکانیانەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.