کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: ٥٨٠ کەس بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، زیان بە چاویان گەیشتووە

12:21 - 16 رێبەندان 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەی لە وڵاتی نۆروێژە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕێبەندان، بڵاوی کردەوە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و ئێران،. ٥٨٠ کەس لە خۆپیشاندەران لەلایەن‌ ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بە شێوەی سیستماتیک و ئامانجدار بە چەکی ساچمەیی پێکراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوى مافى مرۆڤى ئێران، لە دەستپێکى شۆڕشی ژینا تاکوو ئێستا ٢٢ کەس لە خۆپیشاندەران کوێر کراون، کە زۆرینەیان ژنن.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ڕاپۆرتەکەی خۆی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی سێ نەخۆشخانەی تاران و ناوەندە دەرمانییەکان ئامادە و بڵاو کردووتەوە و بەو پێیە ٥٠٠ کەس لە سێ نەخۆشخانەی ''فارابی، ڕەسووڵی ئەکرەم و لەبافی‌نژاد'' لە  تاران چاویان لە ئاکامی تەقەی ‌هێزەکانی ڕیژیم بریندار بووە، هەروەها لە ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای سنەش، لانیکەم ٨٠ کەس چاویان بریندار بووە.

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە پێشتر حەسەن کەرەمی فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی سەر بە هێزی ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران تەقەکردن لە چاوی خۆپیشاندەرانی ڕەت کردبووەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ٤ مانگی ڕابردوو لە کوردستان و ئێران، زیاتر لە  ٥٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی ٣٠ هەزار کەس بریندار کراون، هەروەها نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیش دەسبەسەر کراون.