کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەگەڵ "واشنگتۆن تایمز" و "نیوزمەکس"

22:26 - 16 رێبەندان 2722

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات، لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کەسایەتی، ڕێکخراو، بنکە و بونیادە جۆراجۆرەکانی ئەمریکا، لەگەڵ "واشنگتۆن تایمز" و "نیوز مەکس"، دوو ڕاگەیاندنی بەناوبانگی ئەمریکایی کۆ بووەوە.

وتەبێژی حیزب لە دەزگای مێدیایی نیوزمەکس، لەلایەن "جۆن گەزی" سەرۆکی تیمی ئەو ڕاگەیاندنە لە کۆشکی سپی، بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا. 

دواتر بڵاوکراوەکە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵ خالید عەزیزی ئەنجام دا. وتەبێژی حیزب سەبارەت بە پێگە و کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە ئێران و کوردستان و خواست و داواکانی بزووتنەوەی کورد لە ئێران قسەی بۆ نیوزمەکس کرد. 

لەو چاوپێکەوتنەدا دوایین گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا شی کرایەوە و لەم پێوەندییەدا وتەبێژی حیزب باسی لە کۆمەڵێک ڕێکار کرد کە ئەمریکا و ئورووپا دەتوانن لەو قۆناغەدا بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێران وەکوو ئامرازی کاریگەر و شوێندانەر کاری لەسەر بکەن. 

لە درێژەی ئەو دیدارانەدا، وتەبێژی حیزب لەگەڵ "مایکڵ جەنکینس"، سەرۆکی بڵاوکراوەی بەناوبانگی "واشنگتۆن تایمز" کۆ بووەوە و دوو لایەن پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و بۆ کاری هاوبەش لە بواری وشیارکردنەوەی خەڵکی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران و ناوچەکە چەند پرس و پێشنیاریان تاوتوێ کرد.

لەم دیدارانەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ ستراتیژیی نێونەتەوەیی، هاوڕێیەتیی وتەبێژی حیزبی کرد.