کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

11:36 - 17 رێبەندان 2722

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان سەرجەم سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی، لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ٩ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "ئاڵۆزی و ئاژاوەگێڕی لە کۆمەڵگەدا" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٩ مانگ بەندکرانی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

مەسعوود کوردپوور، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرابوو و پاشان بۆ بەندیخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ ڕایانگواستبوو و تا ئێستاش لەو بەندیخانەدایە.