کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران،هیچ ئاڵترناتیڤێک ناتوانێت سەرکەوتوو بێت

13:59 - 17 رێبەندان 2722

ڕۆژی ڕابردوو کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی "بەهێزکردنی شۆڕشی ئێران لەم بارودۆخەدا" بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنی کۆماریخوازانی ئێران لە واشنگتۆن و بە بەشداریی خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو. 

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی "بەهێزکردنی شۆڕشی ئێران لەم بارودۆخەدا" لە هۆڵی کۆلێژی "نوادێر ئەلێکساندرا" لە هەرێمی واشنگتۆن بەڕێوە چوو و خالید عەزیزی لەو کۆنفڕانسەدا ڕایگەیاند: بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران، هیچ ئاڵترناتیڤێک ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات پاش پێداگریکردن لەسەر سیاسەتە دروستەکانی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی ژینادا باسی لەوە کرد: لە ئێستادا بۆشاییەکی ڕێبەریکردنی خەڵک لە ئێران لە ئارادایە، بۆیە دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی فەرەنەتەوەیی ئێران، ڕێبەڕایەتییەک پێک بێت کە هەم لە دەرەوەی وڵات بەڕێزەوە چاوی لێ‌ بکرێت و وەربگیردرێت و هەم هیوا و ئومێد بدات بە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران.

خالید عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر فرەنەتەوەبوونی ئێران پێداگریی کردەوە و وتی: ئێمە بۆ دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ هەر حیزب و ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ جۆرە هێڵێکی سوورمان نییە و بۆ چوونە نێو هەر هاوپەیمانیەتییەک بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر ڕوون و ئاشکرایە.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەوەی کە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر گرینگە، دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە لە ئێران و ئێمە پێشوازی لە هەر هەنگاوێک لە ڕاستای یەکگرتوویی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەین.

بەشداربووانی ئەو کۆنفڕانسە بریتی بوون لە هەریەک لە بەڕێزان "خالید عەزیزی، حەسەن شەریعەتمەداری، شوکریا برادۆست، مەهدی عەرەبشاهی، فەرزانە بەزرپوور، شەهریار ئاهی و عەلی ئەفشاری."