کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دوو چالاکی کورد، لەلایەن ڕێژیمەوە

11:41 - 12 رێبەندان 2722

کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای زیاتر لە ٨ ساڵ بەندکردنی بەسەر دوو چالاکی کورد بە ناوەکانی "ئایەت عارفی‌نیا و کەژاڵ وەتەنپوور"دا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سیشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئایەت عارفی‌نیا، خەڵکی شاری ئاودانان و کارناسی یاسا و بەڕێوەبەری کاناڵێکی تێلێگرامی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، کەژاڵ وەتەنپوور، خەڵکی شاری گیەڵان و ڕاوێژکاری یاسایی و چالاکی بواری ژنان، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ڕێژیم لە ئیلام کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، بە ساڵێک بەندکردنی تەعزیری، ٦ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت و ١١٠٠ کاتژمێر ڕاوێژکاریی یاسایی بە خۆڕایی، مەحکووم کرابوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی کەژاڵ وەتەنپوور لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە و ناوبراو لە قۆناغی دادڕەسیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.