کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئێرانی داهاتوو بەبێ بەشداریی نەتەوەکانی دیکە لە دەسەڵاتدا، دێموکراسی و ئازادی بەخۆوە نابینێت

10:53 - 18 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئەمریکا، بە بەشداریی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

کاک خالید عەزیزی، باسێکی پڕنێوەڕۆکی لەسەر پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەی حیزبی دێموکرات و کاریگەریی ئەو یەکگرتنەوەیە پێشکەش کرد و داوای لە هەموو ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات کرد کە وەکوو خەڵکی نێوخۆ بۆ پتەوکردنی ڕیزەکانی حیزب و گەیشتن بە ئامانجەکانمان، تێبکۆشن.

وتەبێژی حیزب لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە زەرەر و زیانەکانی دابڕان و ناتەبایی لەنێوان حیزبی دێموکراتدا کرد و هیوای خواست کە بە هۆشیاری و زیرەکیی ئەندامانی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، چیتر حیزب تووشی لێکدابڕان نەبێتەوە.

ناوبراو لەسەر بارودۆخی کوردستان و ئێران، پاش شۆڕشی ژینا وتی: حیزبی دێموکرات لە دەستپێکی ئەو شۆڕشەوە بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی، بڕیارێکی دروستی داوە و بە هەموو هێز و توانایەوە بۆ دابینکردنی یەکسانی و ئازادی درێژە بە خەبات دەدات و مووشکباران و تێرۆر هیچکات نەیتوانیوە حیزبی دێموکرات بەچۆکدا بێنێت.

کاک خالید لە کۆتایی قسەکانیدا، لەسەر پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی هەمەڕەنگ، پێکهاتوو لە هەموو نەتەوەکانی ئێران بۆ جێگرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کردەوە و وتی: ئێرانی داهاتوو بەبێ بەشداریی نەتەوەکانی دیکە لە دەسەڵاتدا، دێموکراسی و ئازادی بەخۆوە نابینێت.