کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا زانیاریی نوێ لەسەر شەهیدبوونی خۆپیشاندەرێکی سنە دەخاتە ڕوو

09:33 - 19 رێبەندان 2722

کوردپا لەسەر شەهیدبوونی پەیمان مینبەری، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی شاری سنە ڕایگەیاند، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پشتەوە و بە دەمانچە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کردووە و شەهیدیان کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە وتووێژێک لەگەڵ سەرچاوەیەکی نزیک لە پەیمان مینبەری، یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینی سەرانسەریی شاری سنە، ڕایگەیاند: "چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەمانچە ڕاستەوخۆ و لە پشتەوە تەقەیان لە پەیمان مینبەری کردووە و گولـلە بەر دڵی ناوبراو کەوتووە و دەستبەجێ شەهید بووە."

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوای شەهیدبوونی ئەو خۆپیشاندەرە، تەرمەکەیان بۆ پزیشکی یاسایی ڕێژیم گواستووەتەوە و دواتر لەسەر لاپەڕەی بەشی کۆچکردنەکەی، هۆکاری شەهیدبوونیان بۆ بەرکەوتنی شتی قورس گەڕاندووەتەوە کە گوایە لە خۆپیشاندانەکاندا شتێکی قورس بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

کوردپا ئەوەشی خستە ڕوو کە بنەماڵەی مینبەری، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکان و دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لەژێر گوشاردان کە دەبێ بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی دادگای ڕێژیم لە سنە بکەن، بەڵام ئەو بنەماڵەیە ئەو داواکارییەیان ڕەت کردەوە. دواتر بە زۆری ڕایانکێشاون بۆ لقی چوارەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، بەڵام دایکی ناوبراو تۆمارکردنی سکاڵای ڕەت کردەوە و کۆماری ئیسلامی بە بکوژی کوڕەکەی دەزانێت.