کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دوو دامەزراوەی گرینگی ئەمریکایی

12:48 - 20 رێبەندان 2722

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات، لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کەسایەتی، ڕێکخراو، بنکە و بونیادە جۆراجۆرەکانی ئەمریکا، لەگەڵ دوو دامەزراوەی گرینگی ئەمریکایی کۆ بووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ناوەندی هێرەتێجی واشنگتۆن، "نیکۆڵ ڕوبینسۆن"، لێکۆڵەری پلەبەرزی لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر بە پەیمانگای "دەیڤس" بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە، بە گەرمی پێشوازیی لە کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات کرد.

لەو دیدارەدا وتەبێژی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە پێگە و کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە ئێران و کوردستان و خواست و داواکانی بزووتنەوەی کورد لە ئێران قسەی کرد و لەو بارەوە بە وردی بەرنامە و ڕوانگەکانی بزووتنەوەی کوردی لە ئێران شی کردەوە و باسی لە پێگەی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد کە دەبێ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەتییەکی فرەڕەنگ و فرەدەنگ کە ڕەنگدانەوەی خواستی گەلانی ئێران بێت، چالاکتر کار بکەن.

کاک خالید عەزیزی لەبارەی ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژاوایی بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی سەبارەت بە ئێران، کۆمەڵێک پرس و بابەتی هێنایە بەرباس و داوای لە ناوەندی هێرەتێج کرد کە لەو بارەوە هەوڵ بدەن ڕوونکردنەوەی باشتر بە ناوەندەکانی دەسەڵات لە واشنگتۆن بدەن و دڵنیای کردنەوە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی سەقامگیری و تەناهی لە کۆی ناوچەکە و جیهانیشە.

"نیکۆڵ ڕوبینسۆن" خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارە دەربڕی و هیوای خواست لە داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی بەرین بۆ باسکردن لەسەر ئێران و کوردستان پێک بێنن.

هەر لە درێژەی ئەو دیدارانەدا وتەبێژی حیزب لەگەڵ "براد داکوس" سەرۆکی "زەریای هێمن" بۆ دادپەروەری، کۆ بووەوە. لە دیدارەکەدا دوو لایەن پرسەکانی گرێدراو بە کوردستان و ئێرانیان شی کردەوە، هەروەها بڕیار درا کە لە ئاستێکی بەرینتردا دوو لایەن درێژە بە دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بدەن.

لەم دیدارانەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ ستراتیژیی نێونەتەوەیی، هاوڕێیەتیی وتەبێژی حیزبی کرد.