کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارسی ئەمساڵ جیاوازە!

10:54 - 17 رەشەمه 2722

ئاسۆ مینبەری

لەکاتێکدا خەریکین لە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان نزیک دەبینەوە کە بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بە دۆخێکی زۆر جیاوازدا تێدەپەڕن.

باش دەزانین کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی هیچ‌کات باوەڕی بە ڕۆژە جیهانییەکان نەبووە، هەوڵی داوە بە داتاشینی بۆنەی جیاواز هەم ڕووبەڕووی بەقەولی خۆی هێرشی بێگانە بۆسەر دەسەڵاتەکەی ببێتەوە هەم پیرۆزییەک بخوڵقێنێ کە لە ڕێگای ئەو پیرۆزییە داتاشراوەوە بتوانێ درێژە بە هێژموونێی خۆی بدات. لەم نێوانەشدا ڕەتکردنەوەی ڕۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژێکی جیهانی بۆ ژنان لە بەرنامەی کاریی ئەم ڕێژیمەدا بووە و هەموو ساڵێک بە سەرکوت و هەڕەشە هەوڵی داوە پێش بە چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەم بوارەدا بگرێت. بەڵام گرینگتر لەوە داتاشینی ڕۆژی ژن لە ئێران بووە! ڕێژیم کە لە هەموو قۆناغە هەستیارەکاندا پەنا دەباتە بەر ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکەی، ئەمجارەش وای کرد و بە ناودێرکردنی ڕۆژی لەدایکبوونی فاتمەی زەهرا لە ڕۆژژمێری خۆیدا وەکوو ڕۆژی ژن و ئەڵبەت زیاتر وەکوو ڕۆژی دایک هەوڵی دا بایەخ و گرینگیی ڕۆژی ٨ی مارس کەم بکاتەوە.

ئەڵبەتە نابێ لەبیرمان بچێ کە ڕێژیم جیا لەو مەبەستەی کە لە سەرەوە باسی کرا، ویستێکی گرینگی دیکەشی هەبوو، ئەویش بنەڕەتیکردنەوەی ئەو بیرکردنەوە و ڕوانگەیە کە ژن لە قامووسی ئەواندا و لە ڕاستای ئیدئۆلۆژیی ئەواندا، ڕۆڵی گرینگی دایکایەتیی لەئەستۆیە و ڕۆژی لەدایکبوونی فاتمەی زەهراش بەو مەبەستەیە کە وەبیر خەڵک بێننەوە کە ژن کاتێک بەنرخ و بەبایەخە کە ڕۆڵی دایک بگێڕێت! ئەویش دایکێک کە وەکوو لە ئایینەکەیاندا هاتووە لە تەمەنی ٩ ساڵاندا بۆ پارێزرابوونی لە گوناح و تاوان شوو بکات و دواتریش وەکوو هاوسەرێکی گوێڕایەڵ، ئەرکی دایکایەتی لەئەستۆ بگرێت تاکوو هاوسەنگی ئیدئۆلۆژییەکە ڕابگیرێت.

بەداخەوە لەبەردەستدابوونی ئیمکاناتی دەسەڵات و دەرفەت بۆ ڕێژیم وای کردووە کە ئەم جۆرە بۆنانە لە مێشکی تاکەکاندا جێگا بگرن و زۆر جار بینیومانە سەرەڕای ئەوەی خودی تاکەکان لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو هاوسەرگیریی پێشوەختە و دووگیانبوونی پێشوەختە و تەنانەت جیابوونەوە لە ئاکامی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بەقەولی خۆیان پیرۆزەیدا کە ڕێژیم بەرنامەی بۆ داڕشتووە دیسانەوە ڕێزیان لەم ڕۆژە گرتووە چونکە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لەلایەن دەسەڵاتی تۆتالیتێری ئیسلامیی ئێرانەوە بواری بیرکردنەوە و تێگەیشتنی قووڵ لە دۆخەکەی لێ ئەستاندوون. هەر بۆیە زۆر کەمن ئەو کەسانەی کە بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم دەسەڵاتە تۆتالیترە تاکوو سەرجێگای نوستنەکەیان چووە و لە شەخسیترین پرسی ژیانیاندا دەستێوەردان دەکات و وەکوو ڕۆبۆت هەموویان بەدوای بۆچۆن و ئیدئۆلۆژیی خۆیدا ڕادەکێشێ.

ئەم پرسە لە کوردستاندا زۆر جیاوازترە! لەبەر ئەوەی تێگەیشتوویی خەڵکی کوردستان بەنیسبەت پیلان و سیاسەتە دزێوەکانی ڕێژیم لەسەرەوەیە کە بێگومان بزووتنەوەی سیاسیی حاکم بەسەر کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ داگیرکەر ڕۆڵێکی تایبەتی لەم تێگەیشتنەدا هەبووە. لە ڕاستیدا خەڵکی کوردستان بۆ هەموو کردەوەیەکی ڕێژیم خوێندنەوەی سیاسییان هەیە و باش دەزانن کە ئامانجی ڕێژیم لە هەر کردەوەیەک چییە!

بەم ڕوانینەوە با بێینەوە سەر دۆخی هەنووکەیی لە کوردستان. ماوەی ٥ مانگە شۆڕشی ژینا بەردەوامە، ئێستا کە خەریکین بەرەوپیری ٨ی مارسەوە دەڕۆین دەبێ ئاوڕێک لە تێکۆشانەکانی ساڵانی ڕابردووی ژنان لە بواری مافەکانیان بدەینەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر لە کوردستان ڕێزیان لە ٨ی مارس گرتووە، ئەگەر ڕێگایان پێ نەدرابێ کۆڕ و کۆبوونەوەی فەرمی بەڕێوە ببەن، لە سەیرانگە و پارکەکانی شارەکاندا یان بە هاتنەسەرشەقام و وتنەوەی دروشمێکیش بووبێت ٨ی مارسیان بەرز ڕاگرتووە، هەرچەند هەر لەم پێناوەشدا کەوتوونەتە بەر هێرش و سەرکوت کراون بەڵام هیچکات لە تێکۆشان نەوەستاون.

لەلایەکی تریشەوە هەبوونی ڕێکخراو و ئەنجومەنەکان و بەگشتی کۆمەڵگای مەدەنی دەرفەتێکی باشی بۆ چالاکانی بواری ژنان ڕەخساند تاکوو بتوانن بە ئاگایی بەخشین و پەرەدان بە چالاکییەکانیان، زیاتر خەڵك لەگەڵ ڕەوتی بەرەپێشچوونی جیهان ڕێک بخەن و هەنگاوی کردەیی باش هەڵ بگرن.

دەکرێ شۆڕشی ژینا ئاوا پێوەند بدرێت بە ٨ی مارسەوە کە شۆڕشەکە، سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ژنانێک بوو کە لە ٨ی مارسەکاندا و لە باقی ڕۆژەکانی ساڵدا و بە بیانوگەلی جۆراوجۆر لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کران و دەنگی مافخوازییان کپ کرا! زۆرجار باس لەوە دەکرا کە دەبێ ٨ی مارس ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ خەبات دژ بە چەوسانەوە و هەڵاواردن، ڕەنگە خەباتەکەش بەردەوام بووبێت بەڵام شۆڕشی ژینا سەلماندنی کە ژنان چەندە لەسەر مافەکانیان پێداگرن، ئەوان بوون کە بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینادا، چەخماخەی شۆڕشێکی ژنانەیان لێ دا کە بڵێسەی ئاگرەکەی هەموو کوردستان و ئێرانی داگرت. ڕەنگە ئەگەر ئەو کردەوە سەمبولیکە و گوتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەو ڕۆژەدا نەبایە، ئەم شۆڕشە هەر دەستی پێ نەکردایە! ژنان بوون کە بە پێشەنگایەتی و بەگژداچوونەوەی بیری دواکەتووی داکیرگەر لەو ڕۆژەدا، ناوی ژینایان کردە ڕەمز بۆ شۆڕشێک کە دەسەلاتی ئاخوندەکانی بەرەو لێواری ڕووخان بردووە.

ئێستاش لە دڵی ئەم شۆڕشەدا، ٨ی مارس دەتوانێ ئەو دەرفەتە زێڕینە بێ کە باشتر دەنگی ژنانی چەوساوەی ئێران و کوردستان بە گوێی جیهانیان بگەینێ، بۆیە دەتوانین بڵێین کە ٨ی مارسی ئەمساڵ زۆر جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو دەبێ، ئەگەر پێشتر تەنیا ژنان ڕێزیان لەم ڕۆژە دەگرت و کەمتر پیاوان خۆیان لەگەڵی ڕێک دەخست، ئەوە ئەمساڵ ٨ی مارس دەتوانێ ڕۆژێک بۆ یەکگرتوویی و هەنگاوی یەکسانی ژنان و پیاوان بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئینسانییان بێ، بە پێچەوانەی هەموو ئەو پڕوپاگەندەی کە ڕێژیم کردی و ویستی ئەو دوو ڕەگەزە لەیەک دابڕێ، ئێستا هاوئاهەنگی و یەک‌هەڵوێستیی ئەوانە کە ڕێژیمی تووشی گەورەترین ترسی مێژووی خۆی واتە ڕووخان کردووەتەوە.