
هەیئەتێک لە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لە کۆڕیادی نەمران مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی بەشداریی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ، لە کۆڕیادی نەمران مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانیدا بەشداریی کرد و لەلایەن هەیئەتی ناوچەی نۆروێژی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێ کرا.
سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد.
کۆڕیادەکە چەندین بڕگەی لەخۆ گرتبوو کە تایبەت بوو بە ژیان و خەباتی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی.
هاوکات کۆمەڵێک پەیام و وتار لەلایەن حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە خوێندرانەوە و پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کە ٨ حیزب و ڕێکخراو بوون لەلایەن سەردار محەممەدپوور لە بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، خوێندرایەوە.